خانمی یەکەم: سەرجەم گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە

کوردستان
14:33 - 2025-04-18

رۆژی پێنجشەممە 17ی 4ی 2025 لە مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە لە سلێمانی خانمی یەکەم خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازیکرد لە پارێزگاری موسەنا موهەند ئەلعەتابی .

لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەهەوڵە هاوبەشە نیشتمانیەکان کرا  بۆ بەدیهێنانی داواکاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بۆ بەردەوامبوون لەگەڕان و کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەناوچەی تەلشێخەی سەر بە پارێزگای موسەننا کە تا ئێستاش تەرمی پیرۆزی  ئەنفالکراویان تێدایە.

خانمی یەکەم جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و هەڵکەندن بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکەی ناوچەکە کردەوە و ستایشی بڕیاری پارێزگاکەی کرد بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی گرێبەستی زەوی لەو ناوچەیەی ناوبراو کە گۆڕەکانی دیکەی شەهیدانی ئەنفالکراو لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە دەگرێتەوە

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگی بەم شوێنانە بدەن و بیپارێزن بەتایبەتی زیندانی ڕەشید کە بڕوا دەکرێت قۆناغەکانی زیندانی و ئەشکەنجەدانی شەهیدانی ئەنفالی بەخۆوە بینیوە پێش ئەوەی بنێردرێنەوە بۆ ناوچە بیابانییەکان لە قوڵایی بیابانی شاری سەماوە.

خانمی یەکەم ئاماژەی بە گرنگی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گۆڕینی بینای بەڕێوەبەرایەتی ئەمنەسورەکەی سلێمانی کرد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بۆ مۆزەخانەیەکی نیشتمانی کە دیوارەکانی تراژیدیا و خوێنڕشتنی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و ببێتە شایەتحاڵی نەوەی نوێ لەسەر ستەم  و دڕندەیی ڕژێمی دیکتاتۆری و وێستگەیەک بۆ یادکردنەوەی چیرۆکی قارەمانێتی و تێکۆشان بۆ ئازادی.

لەلایەکی دیکەوە خانمی یەکەم ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆکانی چەرمۆ و موسەنا بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد بۆ ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

لەبەرامبەردا پارێزگاری موسەننا ئاماژەی بەو هەوڵانە کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی گەشتوگوزار بۆ پاراستنی زیندان و گرتووخانەکانی ڕژێمی پێشوو لە پارێزگای موسەنە بەتایبەتی (نوگرە سەلمان) کە چیرۆکی ترسناکی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی گەلی کوردمان بەژنان و منداڵان و بەساڵاچووانەوە بەخۆوە بینیوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP