لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنفڕانسی ناوچەیی بۆ سنوردارکردن و بڵاوبونەوە و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ بەڕێوەدەچێت و تێیدا ئاڵنگەریی و دەرفەتەکانی رێگریکردن لە بڵاوبونەوەو بەکارهێنانی چەکە کۆکوژەکان شیدەکرێتەوە.
دیدارەکە لەلایەن رێکخراوی پوگواش -عیراق رێکخراوە و لە رۆژانی 19 و 20ی 4 لە هۆتێل رۆتانای شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر سنوردارکردن و بڵاوبونەوە و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
لەم کۆنفرانسەدا ژمارەیەک پسپۆڕ، توێژەر و لێپرسراوانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئامادە دەبن بۆ شیکردنەوەی ئاڵنگەریەکان و دەرفەتەکانی رێگریکردن لە بڵاوبونەوەو بەکارهێنانی چەکە کۆکوژەکان، ئەمە جگە لەوەی پێشخستنی هەنگاوە کردارییەکان بۆ داماڵینی چەک و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دانیشتنێکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت.
هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە گرنگییەکی رەمزیی هەیە کە زۆرترین قوربانیی چەکی کوکوژ لەم ناوچەیە هەبووە بە تایبەتی هەڵەبجە کە کوشندەترین چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێنرا، هەر بۆیە دانیشتنێکی کۆنفرانسەکە تایبەتە بە کۆمەڵکوژییەکەی شاری هەڵەبجە و بە مەیدانیش گەشتێک بۆ هەڵەبجە رێکدەخرێت.
رێکخراوی پوگواش – عیراق رێکخراوێکی ناحکومیی عیراقیە و پاش هەڵبژاردنی دکتۆر حسێن شەهرستانی وەک سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی دامەزراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP