قوباد تاڵەبانی پێشوازیی له‌ وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمریکا كرد

کوردستان
18:59 - 2025-04-13


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئادەم سمیس، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە چەند پرسی گرنگی ناوخۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە (12/4/2025) بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دواین پەرەسەندنەکانی دیکەی ناوچە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا. 
هەردوولا هاوڕابوون کە هێشتا تیرۆر و بە تایبەتیش گروپی تیرۆریستی داعش هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و عێراق. لەم چوارچێوەیەدا وەفدەکەی کۆنگرێس جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. 

لەبارەی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیشەوە، جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند راستە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە خێرایی ناچێتە پێش، بەڵام هەنگاوی زۆر باش نراوە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو رێک بکەون کە هەم لە ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتییاندابێت و هەم بتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان بە باشی بپارێزێت.

سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش، جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە کە حکومەتی هەرێم گەشبینە و هەموو هەوڵێکیش دەدات لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لەبارەی گازیشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی گازە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتییان و هەروەها دابینکردنی گازە بۆ بەکارهێنانی ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان.

ئەندامانی دیکەی وەفدەکەی کۆنگرێس پێکهاتبوو لە مایکل باومگارتنەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە و هەر یەکە لە سارا جاکۆبس، جۆرج وایتسایدز و وێسلی بێڵ لە ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP