سەركردەی نەمر رەسوڵ مامەند، لە دایكبووی ساڵی 1944ی ناوچەی مەرگەیە، دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن و تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی، لە كۆلێژی ماف-ی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە و ماوەیەكیش لەوێ خوێندویەتی، بەڵام لەپێناو كێشەی گەلەكەیدا وازی لەخوێندن هێناوە و لە تەمەنی لاوێتییەوە تێكەڵاوی كاروانی خەباتی كوردایەتی بووە.
كاك رەسوڵی تێكۆشەر هێشتا لە سەرەتای بەهاری تەمەنیدا بووە كە ئەندامێكی چالاكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە و بەهۆی چالاكییەكانییەوە لە ساڵی 1968دا كراوە بە لێپرسراوی ناوچەی قەڵادزێی پارتی، بەردەوام بووە لەخەبات لە ریزەكانی پارتی و شۆڕشی ئەیلولدا تا ساڵی 1975.
دوای نسكۆی شۆڕش، لەگەڵ هاوڕێكانیدا بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانیان دامەزراندووە كە باڵێكی دیاری یەكێتی و شۆڕشی نوێ بوو، بەیەكێك لەكەسە دیارەكانی دەستەی دامەزرێنەری ئەو بزووتنەوەیە دەژمێردرێت.
لە قۆناغی سەختی شۆڕشی نوێدا لەچەندین داستان و نەبەردیی بەشدار و سەركردایەتی كردووە و رۆڵی قارەمانانەی بینیوە لە بەگژداچوونەوەی رژێمی ئەوسای عیراقدا، هەرلەسەردەمی خەباتی شاخ و پاشان لەدوای راپەڕین ماوەیەكی زۆر سكرتێری حزبی سۆسیالیستی كوردستان بووە.
ساڵی 1993 پاش بانگەوازی یەكگرتنەوەی چەپ و سۆشیالیستەكان لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، كاك رەسوڵ و حزبەكەی یەكەم لایەن بوون كە گەڕانەوە ناو ریزەكانی ی.ن.ك و لەناو حزبی دایکدا درێژەیاندا بە خەبات.
كاك رەسوڵی نەمر، وەک تێکۆشەر و سەرکردەیەکی دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە قۆناغی نوێی دوای راپەڕین رۆڵی گرنگی بینی لە هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەباتی یەکێتی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە رابەرایەتی رەوانشاد جەنابی سەرۆک مام جەلال.
هەر لەو سەروبەندەدا، کاک رەسوڵ كرا بە كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك، دواتریش لە رۆژی 18/2/1993 كرا بەئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
بەداخەوە، رۆژی 12/4/1994، بە نەخۆشی لە لەندەن كۆچی دوایی كرد و گەیشتە کاروانی هاوڕێ شەهیدەکانی.
درود بۆ گیانی پاکی کاک رەسوڵ مامەندی سەرکردە و تەواوی شەهیدان و خەباتگێڕانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی کوردایەتی و کوردستانی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP