قوباد تاڵەبانی: نیەتی باش هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت

کوردستان
19:21 - 2025-04-18

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە نوح یەلماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا  کرد و پێکەوە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی(18/4/2025) بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرۆسەکە و رایگەیاند ئامادەین بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی ئاشتی لە تورکیا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیاندا بێت.
لەتەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە ئێستادا بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕوات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP