وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە
نووسراوێكی ڕەسمی، داوای هاوكاری لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات بۆ جێبەجێكردنی چەند
ڕێككارێك سەبارەت بە سەربڕینی ئاژەڵ و فرۆشتنی گۆشتی سور.
وەزارەتی تەندروستی، نووسراوێكی ئاراستەی
وەزارەتی ناوخۆ و گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كردووە و داوا دەكات بەمەبەستی
كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و پاراستنی هاووڵاتییان، داوای هاوكاری و
جێبەجێكردنی چەند خاڵێك دەكات.
وەزارەتی تەندرووستی داوای کردووە سەربڕینی ئاژەڵ
لە ماڵان قەدەغە بکرێت و گۆشتفرۆشەكانیش كەلوپەلی خۆپاراستن لەبەر بکەن، بەتایبەت
لەدەستكردنی دەستكێش و جلی تایبەت لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و
خوێنەكەی، ئەگەر سەرپێچیش بکەن بە توندی سزا دەدرێن.
هەر لە داواکارییەکانی تەندرووستیدا هاتووە پێویستە ئاژەڵ دوو
هەفتە پێش سەربڕینی چارەسەر كرابێت و دوای
سەربڕینیشی شوێنەكە پاكبكرێتەوە.
وەزارەتی تەندرووستی هەرێم داواشی لە هاوڵاتییان
کردووە گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن و دەستکێش لەدەست بكەن و ئاگادار بن
دەستیان هیچ برینێكی نەبێت لەكاتی دەست لە گۆشتدان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP