ئه‌مڕۆ كۆنفرانسی یه‌كڕیزیی هه‌ڵوێستی كورد له‌ قامیشلۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

کوردستان
10:28 - 2025-04-26


ئه‌مڕۆ "کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد" بە بەشداری زیاتر لە 400 کەسایەتیی رۆژئاواو باکور و باشوری کوردستان و کەسایەتییەکانی چەند ناوچەیەکی سووریاو نوێنه‌رانی چه‌ند وڵاتێكی هاوپه‌یمانیی دژ به‌داعش لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت.

وه‌ك لیژنەی ئامادەکاریی كۆنفرانسه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌:" نوێنەری سەرجەم حزبە کوردییەکان، رێکخراوەکانی ژنان و لاوان، کەسایەتییە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان، شێخی هۆزەکانی رۆژئاوا، لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، ئەلباب، عەزاز بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن."

هه‌روه‌ك وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنه‌رانی پارت و رێكخراوه‌كان له‌ باشوری كوردستان و وەفدێكی پارتی یەکسانی و  دیموکراسی و لە باکوری کوردستان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ به‌شدارن.

کۆنفرانسەکە کاتژمێر(١٠:٠٠)ی بەیانی بە وتاری بەخێرهاتن و هەڵبژاردنی لیژنەی کۆنفرانس دەست پێدەکات، دواتر وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن ژه‌نراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، پێشکەش دەکرێت. دواتر گفتوگۆ و وتار لەلایەن میوانە بەشداربووەکانەوە پێشكەش دەکرێت، جگە لە خوێندنەوەی ئەو پەیامانەی کە بۆ کۆنفرانسەکە نێردراوەن.

دوابەدوای لێدوان و وتارو گفتوگۆكان، کۆنفرانسەکە بەرووی میدیاکاندا دادەخرێت. لە کۆنفرانسەکەدا باس لە "رەشنوسی بەڵگەنامەی یەکڕیزی کورد" کە پێشتر پێشنیار کرابوو، کە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت. کۆنفرانسەکە بە دەرکردنی بەیاننامەی کۆتایی، کۆتایی بەكارەكانی دێنێت و دەرئەنجامەکانی دەخاتە بەردەم ڕای گشتی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP