پیرۆزباییەكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان

کوردستان
11:26 - 2025-04-26

بەبۆنەی 49 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانەوە، ژمارەیەك بروسكەی پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەڤاڵان و ئەندامانی كۆمەڵەكە كراون كە ئەمە دەقەكانیانە:


سەرۆك بافڵ: باوەڕمان بەتوانای گەنجانەو هێنانە پێشەوەیان بەشێكە لە ستراتیجمان

بەبۆنەی یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی كۆمەڵەكە دەكات و رایدەگەیەنێت: "بەدیدگایەكی نوێوە لە رۆڵی خوێندكاران و گەنجەكانمان دەڕوانین و باوەڕمان بە توانا و لێهاتوویی و كارامەییان هەیە، هەوڵەكانیشمان بۆ هێنانە پێشەوەیان لە تەواوی كایەكاندا بەشێكە لە ستراتیجی كاركردنمان".

دەقی پەیامەكە:
لە 49ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەنج و خوێندكارانە دەكەم كە بەهیواوە بۆ داهاتوویەكی گەش تێدەكۆشن و هەوڵدەدەن تاوەكو ببنە نەوەیەكی سوودبەخش بۆ پێشخستنی هەرێمەكەمان.

خوێندكاران و گەنجان سەرمایەیەكی بە بەها و بە نرخی گەلەكەمانن، دەتوانین بە پشتگیریكردنیان دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێنین و بەشداربن لە گەشەپێدانی زیاتری وڵاتەكەمان.

ئێمە هەمیشە بەدیدگایەكی نوێوە لە رۆڵی خوێندكاران و گەنجەكانمان دەڕوانین و باوەڕمان بە توانا و لێهاتوویی و كارامەییان هەیە، هەوڵەكانیشمان بۆ هێنانە پێشەوەیان لە تەواوی كایەكاندا بەشێكە لە ستراتیجی كاركردنمان.

لە ئەمڕۆشدا دووپاتیدەكەمەوە كە خەمخۆری پێشخستنی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبین تاوەكو هەموومان پێكەوە سیستمێك بنیادبنێین كە گەنجەكانمان بە ئومێدەوە بۆ داهاتوویەكی گەش هەوڵبدەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


كۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەكات

بەڕێزان لە كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان

49 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە خۆتان و ئەندامان و لایەنگرانتان پیرۆز دەكەم، ئومێد دەكەم بەردەوام بن لە خزمەتكردنی زیاتری خوێندكاران و رەوتی پەروەردەو فێركردن.

49 ساڵ لەمەوبەر لە شاری كەركووك لەگەڵ هەڤاڵانم (شەهید شوان، شەهید رەئوف عەقراوی، لەتیف شێخ عومەر، محەمەد خورشید) پێكەوە كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانمان دامەزراندو ئامانجمان بوو لەپاڵ خەباتی چەكداری و بەرگری كردن لە كوردستان و خاكەكەی، لەرێگای كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لەنێو خوێندكاراندا كاربكەین بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان و خزمەتكردنی خوێندكاران.

مایەی شانازییەكی گەورەیە كە ئەمڕۆ تەمەنی ئەم رێكخراوە نزیك دەبێتەوە لە نیو سەدە، بە بەردەوامی لەنێو خوێندكاران چالاكانە كاری كردووەو توانیویەتی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە خوێندكارانی كوردستان بگەیەنێت و دەرفەتی پێگەیاندن و گەیشتن بە خەونەكانی بۆ رەخساندوون، پێویستە لە قۆناغەكانی داهاتووش لەپاڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان بەخۆگونجاندن لەگەڵ سەردەم بە بەرنامەیەكی نوێوە كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان خزمەتی خوێندكاران بكات و دیدگای روونی خۆی هەبێ بۆ كاركردن.

جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەكەم و دروودو سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدان بەگشتی و خوێندكارە شەهیدەكان بەتایبەتی.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی

قوباد تاڵەبانی: كۆمەڵەی خوێندكاران رۆڵی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی دیكتاتۆردا بینیی

بەبۆنەی یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی لێپرسراویی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی كۆمەڵەكە دەكات و رایدەگەیەنێت: "كۆمەڵەی خوێندكاران رۆڵی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی دیكتاتۆری بەعسدا بینی و لە دوای راپەڕینیش خەمخۆرانە خزمەتی خوێندكارانی كردوە و هەوڵی بەرزكردنی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری داون".

دەقی پەیامەكە:

بەڕێزان  كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان

لە یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستاندا گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەكەم و هیوای سەركەوتنی زیاترتان لە گەشەپێدانی رێكخراوكەتان و خزمەتكردنی خوێندكاراندا بۆ دەخوازم.

كۆمەڵەی خوێندكاران لە سەردەمی شۆڕشدا رۆڵێكی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمی دیكتاتۆری بەعسدا بینی و لە دوای راپەڕینیش خەمخۆرانە خزمەتی خوێندكارانی كردوە و هەوڵی بەرزكردنی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری خوێندكارانی داوە. لەم یادەدا رێز لە خەبات و تێكۆشانی رێكخراوەكەتان لە قۆناغە جیاوازەكاندا دەگرین و داواكاریشین لەم قۆناغە نوێیەدا بە جۆرێك خۆتان رێك بخەنەوە كە بتوانن زۆر زیاتر لە جاران و بێ جیاوازی خزمەتی هەموو خوێندكارانی كوردستان بكەن.

قوباد تاڵەبانی
لێپرسراویی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال

په‌یامی رفعەت عەبدوڵا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكاران

به‌ڕێزان
لەكۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوکەتانەوە گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستە ئەکەم، رێكخراوە خەباتگێڕەكەتان لەسەرجەم قۆناغەكاندا رۆڵی گەورەی لەخزمەتكردن‌و پشتیوانی خوێندكاراندا هەبووە بەردەوام لەجێبەجێكردنی داخوازییە رەواكانی ئەو توێژە زانستخوازەدابوون‌و بەهەوڵ‌و خەباتی مەدەنیتان سیستمی خوێندنێكی هاوچەرخ‌و سەردەمیتان دەستەبەركرد ،ئەمڕۆش كەزانست‌و خوێندن بەرەوپێشچوونی خێرا بەخۆوە دەبینێ‌‌، دڵنیایین كەرێكخراوەكەتان باشتر لەگەڵ دونیای گۆڕاوو بەرەوپێشچونەكان هەنگاو دەنێت، ئەگەرچی رێكخراوەكەتان نەخشی لەپێگەیاندن‌و بەرهەمهێنانی چەندین سەركردەی بەتوانادا هەبووە كەئێستا لەناو  (ی.ن.ك) درێژە بەكاری حزبی‌و رێكخراوەیی دەدەن، یاخود لەناو داموو دەزگاكانی حكومەتی هەرێمدا  خزمەت دەکەن، ئەمە سەروەرییەكە دەبێت شانازی پێوەبکەن.
هەڤاڵانم لەكۆمەڵەی خوێندكاران
ئەگەرچی مێژووی رێكخراوەكەتان تۆمارێكی پڕشنگدارە لەخەباتی شارستانیانەو نوێگەریدا، بەڵام پێویستە ساڵوەگەری رێكخراوەكەتان دەرفەتی چاوگێڕانەوەی رەخنەگرانەبێ بەئەزموونی كاری رێكخراوەییتان‌و دانانی بەرنامەی هاوچەرخ لەگەڵ رێكخراوە خوێندكارییەكانی تر مەدەنیانەو دوور لەهەژمونی حزبایەتی لەخزمەتی توێژی خوێندكاردابن.
لەم ساڵیادەدا تاجە گوڵی وەفاداری‌و سەری رێز بۆ شەهیدانی مێژووی تێكۆشانی كۆمەڵەی خوێندكاران دادەنەوێنین، جارێکی تر پیرۆزبێت ٢٦-٤ یادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان.

رفعەت عەبدوڵا حەمەڕەش


پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی یادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان

لە یادی (٤٩)یەمین ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵەی خوێندکاران و گشت زانستخوازانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان لە کاری ڕێکخراوەیی و خزمەتکردن بە توێژی گەنجان و لاوان بۆ دەخوازم،

 دروستبوونی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لە بەرامبەر ڕژێمێکی فاشیزم و تینوو بە خوێنی گەنجانی کورد ئەوپەڕی ئازایەتیی و قوڵبوونەوەی ڕۆحیەتی نیشتیمانپەروەری بوو بۆ ئەو کات، جگە لەوەی وەرچەرخانێک بوو بۆ بەرەوپێشچوونی بیری ڕۆشنبیری لە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردندا، ئومێد بەخشیش بوو بۆ توێژی خوێندکارانی شۆرشگێڕ لە سەرتاسەری کوردستاندا، بە تایبەت بۆ زانکۆی سلێمانی کە تاکە زانکۆی ئەوسای کوردستان بوو، لە پاڵ ئەرکە پیشەییەکەی خەباتی سیاسیشی لەم ناوەندەدا برەوپێدا و بوو بە مەڵبەندێکی گرنگ لە ئاست پێگەیاندنی سەدان کادری پێشکەوتوو و ووشیاری نێو رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لەم یادەدا، کاروبارەکانی ئەندامانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەی کە لە سەر شانیانە بەرز دەنرخێنم، چونکە هەمیشە پێشەنگ بوونە لە داڕشتنی پلان و بەرنامەی سەردەمییانە، لەپێناو بەرەوپێشچوونی ئاستی پەروەردە و بەرزکردنەوەی توانا زانستییەکانی خوێندکار، هیوادارم مێژووی پڕ لە شۆڕشگێڕیی و خەباتی مەدەنیانەیان لە کاروانی زانست و پەروەردە و فێرکردندا هەر لە پێشەنگدا بمێنێتەوە.

سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی کاروانی ئەم خەباتە، کە ئامانجیان بەدیهێنانی خەونی گەلێکی ڕزگاریخواز بوو لە چوارچێوەی خەباتێکی مەدەنیانە بۆ گەیشتن بە خۆری ئازادیی و سەربەخۆیی.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

پەیامى رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن

هەڤاڵانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لە ناخەوە پیرۆزبایی یادی ٤۹ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵە تێکۆشەرەکەتان لێ دەکەم و هیوای گەشە و سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم. 
خه‌بات وكاری رێكخراوه‌یی و مه‌ده‌نی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان وه‌ك رێكخراوێكی خوێندكاری چالاك و بزێو، سەروەرییەکی دیکەی مێژووی پڕ لە قوربانی و پڕ لە داهێنانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
رۆڵی به‌رچاوی کۆمەڵەی خوێندکاران له‌ په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی خوێندكاران و لاوانی کوردستان له‌ خه‌باتی سیاسی و جوڵانه‌وه‌ی خوێندکاری، جێگای شانازییه‌.
هیوادارم داهاتووش بە مێژووی پڕ لە سەروەریتانەوە گرێ بدەن و بە  بەرنامە و پلانی هاوچەرخەوە کار لەسەر بەدیهێنانی خواستی سەردەمیانەی خوێندکاران بکەن.
دووبارە پیرۆزە و هەر  لە سەرکەوتندا بن. 

رزگار حاجی حەمە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی 
لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP