رێكخراوی CPT: ئه‌مڕۆ توركیا 53 جار سنووری گاره‌ی تۆپباران كردووه‌

کوردستان
16:39 - 2025-04-20



  سوپای توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ بۆردومان و تۆپبارانكردنی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مڕۆش 53 جار تۆپبارانی گونده‌كانی به‌ری گاره‌ی كرد.

كامه‌ران عوسمان، ئه‌ندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی (CPT) رایگه‌یاند، "له‌ سه‌عات 10:05خوله‌ك تاوه‌كو 11:20 خوله‌كی به‌یانی ئه‌مڕۆ 20ی نیسانی 2025 تۆپخانه‌كانی سوپای توركیا، 53 جار گونده‌كانی (مژێ، كه‌فنه‌ مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان له‌ به‌ری گاره‌ له‌ سنوری قه‌زای ئامێدی له‌ پارێزگای دهۆك تۆپباران كرد."

كامه‌ران عوسمان ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد كه‌: "ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌، سوپای توركیا هێرش و بۆردوومانه‌كانی بۆسه‌ر گونده‌كانی به‌ری گاره‌ چڕكردۆته‌وه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا دوێنێ كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 2:15 ده‌قیقه‌ تا 3:45 ده‌قیقه‌ی دوانیوەڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 27 جار تۆپبارانی گوندەکانی چیای گارەیان لە پارێزگای دهۆك كرد.

تۆپباران و بۆردومانه‌كانی توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌ گفتوگۆو دانوستان، بۆ ئاگربه‌تست و ئاشتیی له‌نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه‌) و حكومه‌تی توركیا دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری په‌كه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP