ئەمڕۆ 26-4-2025 لە رێوڕەسمێكی شایستەدا لە تەلاری هونەر بە ئامادەبوونی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و ژمارەیەکی زۆر لە میوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان، خەڵاتی زێڕینی بلە بە هەشت کەسایەتی نمونەیی بەخشرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بە مارشی ئەی رەقیب دەستیپێکرد، پاشان ژیاننامەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە ڤیدیۆیەکی بەڵگەنامەییدا پێشکەشکرا، دواتر خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێکیدا رایگەیاند:" 25 ساڵە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هێشتا هۆنراوەکانی و بۆچوونەکان هەر دەڵیی بۆ ئەمڕۆ نوسراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەمڕۆ ئەو مادانەی لە دەستوری عیراقدا هاتوون و کە هەوێنی پێکەوە ژیانن، بەڵام جێبەجێ نەکراون، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە کەرکوکەوە".
خاتوو شاناز راشیگەیاند:" ئەمساڵ چەندین کەسایەتی نموونەیی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی زێڕینی بلە دیاریکراون".
لە ساڵی 2001 وە ساڵانە خەڵاتی بلە پێشكەش بە كەسایەتییە دیارو سەركەوتووەكان دەکرێت کە لە بوارەکانی دایكی نمونەیی، نووسەری نمونەیی، پاراستنی زمان، دادوەری نمونەی، توێژەری نمونەیی، چالاكوانی نمونەیی، نووسەر و ئەكادیمیستی نمونەیی، دۆستی نمونەیی كورد، رۆژنامەنووس و نووسەری نمونەیی دۆستی كورد خەڵات دەکرێن.
بۆ ئەمساڵیش خەڵاتەکان بەم کەسایەتییانە بەخشرا:
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری دۆستی نموونەی کورد بەخشرا بە ئایەتوڵا موحسین حەکیم
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری نوسەری نموونەیی بەخشرا بەساڵح حەیدۆ لە رۆژئاوای کوردستان
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری مامۆستای نموونەیی و بواری فێرکردن و پاراستنی زمانی کوردی بەخشرا بە زارا محەمەدی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری هونەرمەندی نموونەیی بەخشرا بە عوسمان کێمنەیی لە باشوری کوردستان
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری وەرزشی نموونەیی بەخشرا بە یانەی ئامەد سپۆر لە باکوری کوردستان
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری دایکی نموونەیی بەخشرا بە خاتوو فەهیمە واحید مەجید
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری تێکۆشەری نموونەیی بەخشرا بە هەڤاڵ عەبدۆ لە رۆژئاوای کوردستان
خەڵاتی زێرینی بلە لە بواری سەرکردەی نموونەیی بەخشرا بە مەزڵوم عەبدی لە رۆژئاوای کوردستان و لەلایەن سەرۆک بافڵ-ەوە خەڵاتەکە وەرگیرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP