رفعەت عەبدوڵا: حزبەکەی سەرۆک مام جەلال لێیڕادەبینرێت ژیانی حزبی ببوژێنێتەوە
یەکێتی، بەشدارییەکی کاراترو چالاکتر لەنوێنەرایەتی مەسەلەی گشتیدا بکات
لەرێکخستنەوەی ئۆرگانەکاندا، ئاماژەکانی سەرەتا ئەنجامی دڵخۆشکەرمان پێدەڵێن
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لەبارەگای مەکتەبی سیاسی، پێنجشەممە، ٢٠٢٥/٥/١٥ لەسلێمانی هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەئامادەبوونی هەڤاڵ (د. خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لەهەڤاڵانی پێشووی (ئەنجومەنی ناوەندی) کرد.
لەدەسپێکی دیدارەکەدا هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) ئاماژەی بەرۆڵی تێکۆشەرانەی هەڤاڵانی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی کرد لەقۆناغە جیاجیاکاندا کە لەجێبەجێکردنی ئەرکە حزبیەکاندا کەمتەرخەم نەبوون و وتی:"ئێوە تێکۆشەری دڵسۆزو بەوەفاو بەتوانای یەکێتیین و شانازیتان پێوەدەکەین".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی هێمای بۆ بایەخی ئەنجومەنی ناوەندی لەپێشوودا کردو وتی:"رۆڵی پەرلەمانێکی چالاکی حزبیتان دەگێڕاو هەماهەنگ و هاوکارێکی باشی یەکێتی و ئۆرگانەکانی بوون".
لەمیانی قسەکانیدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا خۆشحاڵی خۆی بەکۆبونەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی دەربڕی و ئومێدی خواست گفتوگۆو پێشنیارەکانی هەڤاڵان ببێتە بەشێک لەبەرنامەی رێکخستنەوەکان و رایگەیاند بۆچون و پێشنیاریەکانیان بەهەند وەردەگیرێت و کاری لەسەر دەکرێت.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی گۆڕانکارییە پێوستیەکانی یەکێتی و رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان رایگەیاند ئێستا لەسەرووبەندی کۆمەڵێک گۆڕانکاریداین لەناو دامەزراوەو ئۆرگانەکانی حزبدا، لەوبارەیەوە وتی:"ئاماژەکانی سەرەتا ئەنجامی دڵخۆشکەرمان دەدەنێ و تائەندازەیەکی باش پرۆسەکە سەرکەوتووە".
لەکۆتایی دیدارەکەدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا باسی لەنزیکبوونەوەی یادی پەنجا ساڵەی یەکێتی کرد وتی:"لەیۆبیلی زێڕینی پەنجا ساڵەی یەکێتیدا حزبەکەی سەرۆک مام جەلال لێیڕادەبینرێت ژیانی حزبی ببوژێنێتەوەو هاوکات بەشدارییەکی کاراترو چالاکتر لەنوێنەرایەتی مەسەلەی گشتیدا بکات".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP