یەكێتی و پێكەوەژیان

لەتیف نێروەیی
14:32 - 2025-05-27

(٣)
پێكەوەژیان وەك چەمك و تێگەیشتن، لە گشتگیرترین پێناسەیدا بریتییە لە كۆمەڵە خەڵكێك، كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە و ئارەزوومەندانە لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا بەیەكەوە بژین و رێز لە بیروباوەڕ و ئایدیا و دابونەریت و كلتور و زمانی یەكتر بگرن، بەبێ ئەوەی (رەگەز، ئایین، مەزهەب، نەتەوە، زمان، زاراوە، ناوچە و..هتد) ببێتە هۆكاری جیاكاریی و بەریەككەوتن.
یەكێتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە خوێندنەوەیەكی ورد و بابەتیانەی هەبووە بۆ واقعی پێكهاتەكانی جڤاكی كوردستانی و گرنگیدان بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی كردۆتە ناونیشانی خەبات بۆ لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان، لەو پێناوەشدا هەمیشە لەو بڕوایەدا بوو كە جێبەجێكردنی دروشمە سەرەكییەكەی (مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كوردستان و دیموكراسی بۆ عیراق)، پێویستی بەقوڵكردنەوەی بنەمای پێكەوەژیان هەیە و بەبێ فەراهەمكردنی ئەو بەهایەش لە هەرێمی كوردستان و لەهەموو عیراق بەربەستی گەورە لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو دروشمە دروست دەبێت. لەو پێناوەش یەكێتی پرسی پێكەوەژیانی كردۆتە بەشێكی گرنگ لە فەلسەفە و ستراتیژیەتی خۆی و لەسەر ئەو بنەمایەش نەخشەرێگایەكی بۆ پێكەوەژیان داڕشتووە، كە لەسەر دوو كۆڵەكەی سەرەكی دەوەستێت، ئەوانیش:
یەكەم : پێكەوەژیانی سیاسیانە.
دووەم: پێكەوەژیانی پێكهاتەكان.
لەدایكبوونی یەكێتی و پێكهاتەی یەكێتی وەكو نیمچەبەرە، لەلایەكەوە پێکەوەژیانی سیاسی و فرەحزبی لەگەڵ خۆیدا هێنا و لەلایەكی دیكەوە كەشێكی ئازاد و دیموكراتیانەی ناوخۆی حزبیی رەخساند، كە سێ دیدگا و جیهانبینی جیاوازی سیاسی لەناو یەك حزب دا و لەپێناو یەك ئامانج پێكەوەژیانێكی سیاسیانە فەراهەم بكات. بۆیە دەكرێ‌ بڵێین لەگەڵ لەدایكبوونی یەكێتی، پێكەوەژیانی سیاسیانە لە باشوری كوردستانیش لەدایك بووە.
ـ لەلایەكی دیكەوە پێكهاتەی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی رەنگدانەوەی گرنگیدان بە  پێكهاتەكانی پێوە دیارە، چونكە:
ـ دوو هەڤاڵی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی لە پێكهاتەی كوردانی فەیلی بوون.
ـ هەڤاڵێكی دەستەی دامەزرێنەران لە ماڵباتێكی دیاری دەڤەری هەورامان بووە.
ـ هەڤاڵێكی دیكە لە ماڵباتێكی كرمانجی و سەر بە پارچەیەكی دیكەی كوردستانی بووە. 
ـ هەڤاڵێكی ئەندامی سەركردایەتیش لە ماڵباتێكی دیاری كوردانی ئێزدی بووە، كە یەكەم جار بوو كوردێكی ئێزدی لە باشوری كوردستان ببێتە ئەندامی سەركردایەتی حزبێكی كوردستانی.
بەم فۆرمە نوێیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مۆدێلێكی فرەحزبی و پێكەوەژیانی سیاسی، شانبەشانی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان ئاوێتەی یەكتری کرد. بەمەش ئەو راستیە دووپاتدەكرێتەوە كە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی سیاسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان تەواوكەری یەكترن و هەر لایەنێكی سیاسی بڕوای بێكەوەژیانی ئاشتیانە و دیموكراتیانەی هێز و لایەنە سیاسیەكان نەبێت و زەمینە بۆ ئەو مۆدێلە پێكەوەژیانە مەیسەر نەكات، ئەستەمە بتوانێت زەمینەیەكی بۆ پێكەوەژیانی پێكەوەژیان ئاینی و نەتەوەییەكان مسۆگەر بكات یەكێتی توانی هەر زوو مۆدێلی پێكەوەژیانەكە لە سایەی چەپكە گوڵەكەی هەڤاڵ مام جەلال جێبەجێ بكات، بۆیە هەر زوو لە خەباتی شاخ و پاشانیش لە خەباتی شار خەڵكێكی زۆر لە پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان لە دەوروبەری یەكێتی كۆبوونەتەوە و متمانە بە یەكێتی دەبەخشن. باشترین بەڵگە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، كە یەكێتی وەكو كورد زۆرترین كوردی بەدەستهێناوە و خاوەن (١٠) كورسیە لە پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركوك، سەڵاحەدین، دیالە).
(٤) ئەندام لەو (١٠) ئەندامە لە پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانن كە دەكاتە ٤٠٪ی رێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پشكی یەكێتی بەم شێوەیە:
ـ لە پارێزگای نەینەوا یەكێتی دوو كورسی بەدەست هێناوە.
یەكێكیان لە ئاینی ئێزدییە و هەڤاڵی دووەمیش لە پێكهاتەی كاكەیی.
ـ لە پارێزگای كەركوك لەو (٥) هەڤاڵەی كە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە هەڤاڵێكیان لە پێكهاتەی كاكەیی یە.
ـ لە پارێزگای دیالە لە خانەقین ئەندامەكەی فراكسیۆنی سەوز لە پێكهاتەی عەرەبە، كاندیدێكی پێكهاتەی عەرەب لە دەڤەری خانەقین كە سنوری ماددەی (١٤٠)ی دەستوری عیراقیە و ململانێیەكی توند لەسەر ئەو دەڤەرە هەیە بتوانێت لەسەر لیستی یەكێتی متمانە بەدەست بێنێت، ئەو راستیە دووپات دەكاتەوە كە یەكێتی پرسی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كردووەتە بەشێك لە ستراتیژیەتی خۆی و بە كردەوە كاری لەسەر كردووە و بەردەوامە لەسەر پتەوكردنی گیانی پێكەوەژیان و، پێكهاتەكانیش متمانەیەكی زۆریان بە یەكێتی هەیە و لە دەوروبەری یەكێتی كۆدەبنەوە و بەوەش خۆشحاڵن کە زۆرترین پێکهاتە ئایینەكان لە سنوری دەڤەری سەوزن و ئازادانە رێورەسمە ئایینیەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و زۆرترین پەرستگای ئاینی جۆراوجۆریش هەر لەو سنورەیە و هیچ ئاینێك رێگری لێناكرێت و رێز لە بیروباوەریان دەگیرێت، هەروەك لەم سنورە هیچ لایەنێكی مەسیحی و توركمانی سكاڵایان تۆمار نەكردووە لەسەر دەستبەرسەرداگرتنی زەوی و زاریان ئەمەش بەرهەمی چەپكە گوڵەكەی هەڤاڵ مام جەلالە كە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لەسەر هەمان رێباز بەردەوامە و لەئێستادا بۆردێكی تایبەت بە خزمەتكردنی پێكهاتە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكانی یەكێتی كە لە نوێنەرانی هەموو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی (كوردی، ئێزدی، كاكەیی، توركمانی، مەسیحی، عەرەب) پێك دێت و وەكو ئۆرگانێكی گرنگ و پردێكی پەیوەندی لەنێوان یەكێتی و پێكهاتەكاندا خزمەت دەكات .
لە رووی میدیاییشەوە یەکێتی کەناڵێکی ئاسمانی لەکەرکوک تەرخانکردووە بۆ پێشکەشکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ وبەرنامەو چالاکی هونەری و کەلتوردی بەزمانی هەرچوار پێکهاتە ئاینی ونەتەوەییەکانی کەرکوک و بەکردەوە خزمەت بە پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی ناوچە دابرێنراوەکانی کوردستان.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP