دیواربەندەکانی ئەنفال
هەرێم عەبدوڵا
دیواربەند مێژوویەکی دێرینی هەیە، بۆ سەردەمی پێش چاپ و نووسین دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک بۆ سەرەتای دروستبوونی ئینسانیش دەگەرێتەوە، لەسەر بەرد و شاخی گەورە سەرکەوتنەکانی خۆیان نوسیوەتەوە و هێمای بەهێزیی خۆیان یا پیڕۆزیی ئاینیان نەخشاندوە، بەشێک لەو شاخ و بەردە هەڵکۆڵراوانە لە کوردستاندا هەن وەک لانکەیەکی دێرینی مرۆڤایەتی.
دیواربەندی ئەنفال: دیواربەندێکی دەستکردە و ناوی ئەنفالکراوانی تیادا تۆمار دەکرێت، ئەم دیواربەندە لەهەر ناوچە و گوندێکی هەرێمی کوردستان کارێکی گرینگە، چونکە یەکەمین قۆناغی کۆکردنەوەی زانیارییە لەبارەی ناوی ئەنفالکراوەکانەوە، سەرەتایەکی باشە بۆ بنیاتنانی مۆنۆمێنت و مۆزەخانەی تایبەت بە جینۆساید.
خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دوایدا بە تایبەتیش ئێستا لە هەندێک لە ناوچەکان خەڵکی دڵسۆز و کەسوکاری ئەنفالکراوان خۆبەخشانە هەڵدەستن بە دروستکردنی دیوار بەند، کارێکی دڵسۆزانە و لە خۆبوردووانە، چونکە ناکرێ لەو جۆرە پرۆژانە کە گرنگیی نیشتیمانی و نەتەوەییان هەیە چاوەرێی حکومەت بکەن و کەسێک کەمێک دەستی واڵابێت دەتوانێ کارێکی وەها بکات.
دیواربەندەکان جگە لەوەی شێوازێکی هونەریی تیادا پەیڕەو دەکرێ دەگونجێ ئاماری کۆی ئەو سەروەتە مرۆیی و سامانە سروشتی مەر و ماڵاتانەشی تیایدا جێبکەینەوە کە لەو ناوچەیە ئەنفالکراون و بە تاڵانبراون.
گەر هەر گوندێک چەپۆکی چەپەڵی بەعسی بەرکەوتبێ دەست بە دیواربەند بکات سبەی ڕۆژێ دەتوانێ فراوانیبکات بۆ مۆزەخانە و مۆنۆمێنت.
بۆ بە زیندوویی هێشتنەوەی ئەو تاوانە لای نەوەی نوێ گرنگترین کارە، چونکە بەدەوام لە بەر چاوە
هاوکات بۆ ناوەندە ئەکادیمی و توێژەرانی بواری جینۆساید گرنگە و کۆمەڵێ زانیاریی حازربەدەستی باشیان پێ دەدات لەسەر جینۆسایدکردن لەو ناوچەیەدا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP