لە مەنەلۆجەوە بۆ دیالۆگ - لە بازنەی داخراوەوە بۆ بازنەی پەیوەندی لە مینبەری گشتییەوە

ستران عەبدولڵا
11:21 - 2022-11-08



ئەزمونی سیاسی حزبایەتی لە کوردستان هەروا بووە. لە پێشدا دیالۆگ و گفتوگۆی ناوخۆیی و تێگەیشتنی هەڤاڵانە و ئینجا گەڵاڵەی بیروبۆچوونەکان بۆتە بەرنامەی کارو خەبات. بۆتە بزوتنەوە و کرداری شۆرشگێڕی.

ئێمە نا، دێرینەکانی پێش ئێمەو هەڤاڵانی تێکۆشەری مامۆستامان باسی ئەڵقە رۆشنبیرییەکان، رێکخستنی پتەو و پۆڵایین و هێشویی دەکەن. یانی باسی ئامادەکاری بۆ تاودان دەکەن.
ئەم کارە دەروون حزبییە بۆ ئەوەی مانا پەیدا بکات و ببێتە کردەیەکی کۆمەڵایەتی لە کوردەواریدا ، دوای ماوەیەک هەر دەبێ رووی لە دەرەوە بێت. رووی لە جەماوەر و خەڵک و رووی لە دروستکردنی رای گشتی بێت، چونکە ئەم خەباتە بۆ ئەوان دەکرێت. بۆنە و موناسەبەی هەبوون و نەبوونی هە حزب و کۆمەڵێکی سیاسیی دەربەست  بۆ کۆمەڵانی خەڵکە، ئەگینا خۆ حزبایەتی یانەیەکی فیکری یان ژوانی دڵداری نییە. خۆ دڵداریش بۆ ئەوەی رەوایەتی گشتی پەیدا بکات هەر دەبێ ئیشهار پەیدا بکات . لەسەر ئەمەیە کورد وتویەتی؛ بانگی محەمەد بە ئاشکرا خۆشە.
ئەسڵ لە هەموو تێکۆشانەکان خەڵکە، وە گەرنا گفتوگۆی ناوخۆیی دەبێتە مەنەلۆج و گروپەندییەکە لە گروپی داخراوی پاڵتاک و ماسنجەر تا فایبەر و وەتساپ و گردبوونەوەی کلۆپ دەبێتە (گیتۆی کەمینەکان) کە لە ترسی دەرەوە هەر لە ناوخۆدا گینگل دەدەن. یاخود دەبن بە تەقییە؛ ئەوی لە رازدایە نایەتە سەر زار..
لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆجیاو ئامڕازەکانی گروپبەندی وەک دیاردەی تەنهایی سەرکز کردن بە دیار مۆبایل و بە دیار ژیانی گریمانییەوە خەریکە گروپبەندی حزبیش وای لێدێت. گروپەکان هەر روویان لە ناوخۆیەو دەنگیان هی دیالۆگ نابێت، دەبێتە سەداو دەنگدانەوە. وەک دویتی فلکلۆری ئەوەی ئەیڵێن نایڵێنەوە. بەڵام گۆرانییەکی چرپە و فسکەفسکە و نابێتە کۆنسێرت و ئاهەنگی میللیی.
تێکۆشانی حزب، هەڤاڵبەندی سیاسی دەبێ رووی لە دەرەوە بێت. رووی لە کۆمەڵ و رووی لە ئاڕاستەکردنی رای گشتی بێت. حزبایەتی لە ماڵی خۆمان ، لە بارەگای خۆمان مەنەلۆجێکی ناوخۆییە ناتوانێ سیاسەتگەلێک بۆ کۆمەڵگە دروست بکات. گروپەکان بۆ ئەوە باشن گەڵاڵەی سیاسەت دابرێژن و هێز و وزەی مەعنەوی و مادی کۆبکەنەوە و لە پانتایی گشتیدا جاڕی لێ بدرێت نەک هەر بە مەنەلۆجی ناوخۆیی بێ سەمەر بمێنێتەوو و یەکتری لەو  شتانە ئاگادار بکرێتەوە کە هەموان دەیزانین و پێویستە دەرەوە پێی بزانێت.
رووی نموونەکان لەسەر حزبی خۆمانە، لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دیارە مادام وتارەکەش لە مینبەری گشتی بڵاودەبێتەوە لە ئیختیاری حزبی دیکەشدایە، ئەگەر گەرەکیەتی.
بیروڕا جوانەکان، ئەندێشە چاک و پاکە یەکێتییەکان هەڵقوڵاوی ئەدەبیاتی یەکێتی، ئەدەبیاتی مام جەلال و رێبازە رۆشنەکەیەتی وا دەوڵەمەندە کە هی ئەوەیە تیشک باوێ.
لەهەر کوێیەک مینبەرێک دەخرێتە بەردەستی هەڤاڵێکی یەکێتی پێویستە بیروباوەڕی یەکێتی تیا بڵاوبکاتەوە. لە کۆری ناو چایخانەکانەوە کە دەگوترا یەکێتییەکان  بە نۆرماڵی هەر سەرزەنشت و رەخنەی تیا دەڵێن بەڵام هەر کاتێک هێرش بۆ سەر رێبازی یەکێتی دەکرێت ئیتر بە یەک دەستی داکۆکی لێ دەکەن تاوەکو بەرپەرچی نەیاران بدەنەوە . 

ئینجا لە بۆنەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ کۆر و کۆبوونەوە گشتییەکان تا سەکۆکانی میدیا هی میدیای یەکێتی و هی سەکۆ گشتییەکانی میدیای کوردستان کە دێتە بەردەست دەرفەتە بۆ بڵاوکردنەوەی فیکری یەکێتی، بۆ خستنەرووی ئەندێشەی یەکێتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا . ئێ خۆ دیارە تا ماڵ هەبێ مزگەوت حەرامە و گەرەکە لە مینبەری میدیای ترەوە زیاتر رەوانبێژ و هەقبێژەکان داکۆکی بکەن تا قازانجی لە زەرەر زیاتر بێت.

مینبەری کۆر و کۆبونەوەی گشتی، ئەو دەیان میتینگ و کۆرە سیاسی و گشتی و رووناکبیرییانەی لە وڵاتەکەمان دەکرێت دەرفەتە بۆ ئاڕاستەکردنی رای گشتی کوردستان بە لای دیدی یەکێتییانەوە.

بەڕاستی هەڵسەنگاندنی وردی دەوێ داخۆ بۆچی بە لێکدانەوەی هەڵەی کرانەوەو سینگ فراوانییەوە بەدەم بیروبۆچوونی چەوت و ناڕاست و هەڵەوە پێبکەنین کە دەزانین چارەسەری پێ نییە و لە لێکدانەوەدا کورت دەهێنێ.
بۆچی تێکۆشەری یەکێتی بە ناوی نەرمونیانی، شەرم و لەڕوودامان و گوایە سینگفراوانییەوە بوختان بەڕاستی و رەوانی قبوڵبکات و چاوپۆشی لە ژەهراوی سەدان بیروباوەڕی ناڕاست بکات و لێگەڕێ وڵاتەکەمان بەم دەرد و بەڵایانە ئالودە بێت و ئینجا  بە نرخی گران لە سەر میللەتەکەمان، لەسەر پێشکەوتن و ئایندەکەی بکەوێت .

وا لەم چەند ساڵەی دوایدا دەیان ئەزموونی تاڵ و ترشمان بینی کە هاتن و چوون و بە ناوی جیاجیاوە کۆمەڵی کوردەواری و وڵاتی ئێمەیان کردە (مشکی تاقیکردنەوە) و سەرەنجام وتەرەکانیان خاوەنانی قسە و شان ڕاوەشانێنانیان هیچیان راستی نەکردو هیچیان راستی نەفەرموو.  ئێ خۆ دیارە رای گشتی وەک فەزای گشتی وایە کە بنەما فیزیاییەکەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت ئەگەر بوار بە هەوای پاک پڕ نەکرێتەوە هەوای پیس جێی دەگرێتەوە.
جا ئیتر بۆچی یەکێتییەکان ، هەڤاڵانمان لە هەموو ئاستەکاندا ئیحمێکی یەکێتیانەی لێناکەین و هیممەتی مام جەلالانەی لێنەکەینەوە؟ 

کاتێتی یەکێتییە بە هیممەتەکان زیاتر لە جاران و وەکو جاران، بەڵام بە دەرفەتە تازەکانی دیموکراسی  و دەرگاکانی تەکنەلۆژیای نوێوە بێنەوە سەر هێڵی دیالۆگ و داکۆکی و دەستپێشخەرییەوە.
کاتێتی قۆناغی مەنەلۆجی ناوخۆیی تێپەڕێنین و پێشبڕکێی قەڵغانسازی و داکۆکی رەوا لە بیر و باوەڕو سیاسەتی راستی یەکێتی بکەنە کاری رۆژ و سەعاتیان.  پێشبڕکێ بکەن لە گیانبازی داکۆکی لە یەکێتی.

کەس لە یەکێتی باشتری ناکات و کەس لە یەکێتییەکان باشتری لێ نازانن و (دەور دەوری ئێوەیە).
وەکو هەڤاڵانیشتان لە راگەیاندن ئێمەش خوا بمانگرێ ئەگەر مینبەرەکان ئاواڵە نەکەین و بە کردەوە ماڵ و مزگەوتی خۆمان ئاوەدان نەکەینەوە،  پێش ئەوەی مینبەری تر زەنگین بکەین کە کەس مایکرۆفۆنی خۆی ناکاتە بەردەستی کەس مەگەر هەر گۆرانی داواکراومان پێ بڵێتەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP