لە كوردەواری خۆماندا زۆر جار گوێمان لە دەربڕینی هانی هانی دەبێت.
دەڵێن فڵان هانی هانیم لەسەر دەكات، یان فڵان هانی هانی لەسەرە. بە مانای ئەوەیە قسەی لەسەر دەكەن، یان واتەواتی لەسەر هەیە.
هانی هانی دەربڕینە لەناو میدیا و سیاسەتی كوردیدا سەرچاوەكەی لەو تەشویش و گوشارە تەکنیکییەوە دێت كە دەكرێتە سەر پەخشی رادیۆی شۆڕش و ناهێڵێ دەنگ باش بگا، یان دەنگی پچر پچرە و ناهێڵن شتێكی لێ حاڵی بیت، مەگەر بە زەحمەت نەبێ، لەبەرئەوە بۆتە باو هەر وەختێك رادیۆیەكی نهێنی یان شۆڕشگێری هەبێ تەشویش كارێك دەكات تەشویهی سەرنج و تێبنییەكان بكات.
ئەمە چیرۆكێكی پێشینە بە دەستەواژەیەكی ئەمرۆ گرێی دەدەم كە پەیوەندی بە پەشیمان بوونەوە و پەشیمان كردنەوە لە لێدوان و ڕاگەیەندراوەوە هەیە.. ئەمە توانجێكە لە قسەی ئەو بابایەوە وەرگیراوە كە بە كەماڵی ئیسراحەت ڕاوسەرنجی خۆی وت و ئینجا دوای ئەوە كە زانی بە دەنگ و ڕەنگەوە بڵاو بۆتەوە فەقیرە هاواری لێ هەڵسا: وامزانی رادیۆیە. كابرای كوردە، بە وەسفی رشتەی مروارییەكانی مامۆستا سەجادی، ناناسم و لێم روون نییە لە چییەوە چی وتووە و چیان بۆ لێكداوەتەوە؟ بەڵام ئیتر قسەكە بۆتە ئیدیۆم بۆ توانجدان لەوانەی قسە دەكەن و دوایی پێچە بە دەوەری لێ دەكەن و لێی پەشیمان دەبنەوە، چونكە قسەیان تەقەی ناوتەوە و تەقەی تێكەوتووە.
دەمی چەند ساڵ پێش ئێستا وەك نەریتێكی میدیایی لە ڕاگەیاندنی خۆمان قەرارمان وا بوو روونكردنەوەی وا بڵاو نەكەینەوە كە كاكم لەسەر لێدوانێك دەیدا گوایە شێواوە و شێوێنراوە. گوتمان باشترە كاكی بەرێز قسە بۆ كەناڵێك نەكا قسە دەشێوێنێ و لێدوان دەقرتێنێ. چی زۆرە مینبەری خۆمان زۆرە، چی دەوێ بیڵێ و وەك خۆی بیگەیەنێ. ڕەنگە ئەمە جۆرێك بێت لە ڕەدەعی خۆمانی بۆ دووركەوتنەوە لە داوی ئەو میدیایانەی هەموو شتێك دەكەن جگە لە كاری میدیایی. هەروەها درعێكیش بێت هەڤاڵ و هاوەڵانمان خۆیانی پێ بپارێزن لە تەنگژە و تەڵەی لەناكاو و ناكام. ئێستا تەشویش و غەڵبەغەڵب شێوەی مۆدێرنتری گرتۆتە خۆ. ئەوە بەس نییە خۆت لە مینبەری میدیای لاكۆڵان لابدەیت و لێدوانی رادیۆیی وا نەدەیت کە سبەینێ ناچار بە روونكردنەوە بیت و جەفەنگی ئەوەت لەگەڵ بكەن بڵێن: ئەمیش وایزانیوە رادیۆیە. كێشە ئەوەیە هانی هانی لە شوێنی ترەوە بێت. وا دەبینی لە مینبەرێكی جددییەوە قسە دەكەیت و میدیای تر كە دەشێ لێدوانت بۆ نەدابن ببەن و بڵێن و بڵاو بكەنەوە و مونتاجێكی قسەكانت بكەن كە هی سیاقی خۆی نەبێ و سایەقی ناشی لێ بخورێ. بێگومان هەموو كارەكتەرێكی گشتی، جا سیاسی بێت یان میدیا و كۆمەڵایەتی، حەز دەكەن مینبەری تریش قسەی لێ بگوازنەوە و بە ڕاست و چەپدا پەخشانی بكەن. بەڵام وابێ مانا نەشێوێنێ و لەجیاتی پەخشكردنی پەخش و پەرێشانی نەكەن. میدیا هەیە گرژ و مۆن لە توانج و لاقرتیێەك تێناگا و هەشە لە نەوەی دوای راپەڕین و بەرهەمی كوردستانی ئازادە كە جگە لە زمانی شیرینی كوردی لە هیچ پەند و ئیدیۆمێك ناگات و شێوەزارێك قیبلە نومایەتی. لێدوان دەكاتە لێدان و تەفسیر دەكاتە تەقسیر و كەڵكی ئەوەی نییە سەرنجیان پێ بدەیت، چونكە وا دەزانن لە رادیۆكە پەشیمانی، نازانن ئەوەی لەگەڵتا دەیكەن هانی هانییە و پەیوەندی بە هانی شاكرەوە نییە. ئەوەی دەیگوازنەوە لێدوانی تۆ نییە، خوشك یان براكەیەتی. خەیار نییە ترۆزییە، كە ڕاستە هەردووكیان سەوز و تام خۆشن، بەڵام خوشك و برای یەكن، دوو میوەجاتی جیان.
لەو حاڵەدا مەگەر هەر هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان بخوازیت و بڵێی قەینا تا ئەو دەردە میدیاییانە چارە دەبن، قەیناكە سەری پیاوی سەركەچەڵی پێ سەقەت ببێ، چونكە سەرتاشی كۆڵان هەتا فێر دەبێ سەری گەڕەك سەقەت دەكا و كە فێر بوو دوكانی دەباتە سەر جادە و گەڕەكی حەریفانەوە. بەهەرحاڵ گشتی كور و كچی خۆمانن، بۆیە بە سەرتاش و سەرتاشیاوەوە. سەلامەت بن
2-2-
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP