نامەیێکی کراوە بۆ بەڕێز شاسوار عبدالواحید سەرۆکی نەوەی نوێ

لەتیف نێروەیی
11:58 - 2023-07-25

سڵاوێکی گەرم... 
بەڕێز کاک شاسوار ... سەرەتا ببورن، دەزانم زۆر سەرقاڵن چونکە رۆژانە خەریکی تۆمارکردنی کورتە فیلمێکی فیدیۆین و ئەرکی سەرەکی ئامادەکردنی فیلمەکە لەسەر شانی جەنابتانە،بە کوردیەکەی خۆمان (جەنابت مەسئولی بەروبەحریت). چونکە  بەتەنیا ئەرکی داڕشتنی تێکست، سیناریۆ، دەرهێنان،تاکە ئەکتەرو پاڵەوانی فیلمەکەی و لەڕێی ئەو کورتە فیلمەوە سیاسەتی حزبەکەی خۆتان بەڕای گشتی دەگەیێنن. ببورن... دەزانم زۆر سەرقاڵن وئەرکتان زۆرە، چونکە جەنابتان بەتەنیا ئەرکی سەرۆکی حزب و جێگری سەرۆک و مەکتەبی سیاسی و ئەنجۆمەنی سەرکردایەتی جێبەجێ دەکەن، دەشزانم لەپاڵ ئەو ئەرکە زۆرانە سەرپەرشتی هەڵمەتی پڕۆپاگەندەی سیاسی لەدژی ڕکابەران و لایەنەکانی دیکەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیون  دەکەن.

جەنابی شاسوار.. ببورن، دەزانم زۆر سەرقاڵن بەڵام پێم خۆشە کەمێک کاتی خۆتان بەبەندە ببەخشن و گوێ لەم رەخنە بچوکە بگرن.رەخنەکەم ئەوەیە، کەلەسەر رایێکی شەخسی و پێشنیارێکی بەندە کە پێم وایە کەش و هەوای مانگی دوو بۆ هەڵبژاردن زۆر گونجاو نیەو رەنگە  بەشێکی هاوڵاتیان بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکان لەمافی دەنگدان بێبەش بن و تیمەکانی چاودێری و راگەیاندنیش نەتوانن لەهەموو شوێنێک بەباشی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. پێم سەیرە لای حیزبەکەتان دەربڕینی رایێک وەکو   (کفرێک) مامەڵەی لەگەڵدا بکەن!!!. تەنهارایێکم دەربریوە و ئێوەش دەتان توانی ڕای خۆتان دەرببڕن و بڵێن مانگی دوو باشترین کاتە بۆ هەڵبژاردن. بەڵام لە جیاتی ئەوەی  ڕای خۆتان بڵێن، بە بەرنامەڕێژی و لەڕێی میدیاو میدیای ئەلەکترۆنی و سوشیاڵ میدیاوە منتان جوێن بارانکرد!!!!. لەبەرامبەر ئەو جنێودانە، پەندێک لەدەڤەری بادینان هەیە دەڵێت :(هەر کەسێک لەدوورەوە  جوێن بەکەسێکی دیکە بدات و کەسەکە گوێی لێ نەبێت، ئەوا جوێنەکە بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنەوە و ناگاتە  ئەو کەسەی کە جوێنی پێ دەدەن). بەندە ئەو پەندە لەسەر ئێوە پەیڕەو ناکەم و پێتان دەڵێم گەردنتان ئازاد بێت لە جوێندان. لێشتان ناگرم چونکە هەموو حزبێکی نوێی سیاسی دەبێ فەلسەفەو دیدگاو جیهانبینینێکی نوێی هەبێت، پێویستی بە داهێنانێکی نوێی هەیە بۆ ژیانی سیاسی و حزبایەتی و حوکمڕانی کە حزبەکانی دیکە نەیان بێت وئەو داهێنانە ببێتە جێگای سەرنج راکێشانی جەماوەر.بەڵام نازانم ئایا ئەوەی ئێوە بەهەڵەو لەجیاتی کەسیکی دیکە منتان بەئامانج گرتووە  یان  لای  حیزبەکەتان   جوێندان  جۆرێکە لە داهێنانی نوێ.

 بەهەر حاڵ بابگەرێینەوە بۆ بابەتی کەش و هەوای مانگی دوو، کە کرۆکی بابەتەکەمان بوو. جەنابتان هەمیشە قسەیێکتان هەیەو دەڵێیت ئەوە من و ئەوە ئێوە، ئەم قسەیەم هەڵیگرن بۆ کاتی خۆی. منیش دەڵێم بەڕێز کاک شاسوار ئەم قسەیەم هەڵیگرن بۆ مانگی دوو، ئەوکاتە پێم خۆشە بەیەکەوە گەشتێک بۆ گوندەکانی شێنێ و زەڵێ و سوسێ و رەزگەو گوندەکانی دیکەی بناری شاخی مامەندە بکەین و پاشان بەرەو گوندەکانی دەڤەری هەڵشوی سەربە قەڵادزێ بچین و لەوێوە رووبکەینە زینی وەرتێ و گوندەکانی بەرزاییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی و بەردەوامبین تا گوندەکانی ناوچە سنورییەکانی دەڤەری ماوەت و شارباژێر و پێنجوین و تادەگاتە دەڤەری هەورامان. من دڵنیام کاتێ بەرەو شێنێ وزەڵێی پشتی قەڵادزێ بەرێ دەکەوین و هەوڵبدەین بەرەو بەرزاییەکان سەربکەوین، پێم دەڵێیت کاکە من تەحەدا دەکەم پیاوێک بتوانێت بەهۆی کەش و هەواو بەفرەوە بتوانێت بگاتە زەڵێ. ئەو کاتە منیش دەڵێم جەنابی شاسوار  ئەمەیە کەش وهەوای مانگی دوو لە ناوچە شاخاوییەکان پێم خۆش بوو کە ئەم شوێنانەت بینی.

هەروەها پێت دەڵێم کاكە شاسوار ئێستا بۆتان دەرکەوت کە بۆچی لەسەرئاستی جیهان   دەبێ جوگرافیای هەڵبژاردن ڕەچاو بکرێت و هەڵبژاردن لە کەشێکدا بکرێت کەکاریگەری ێکی زۆری گەرماو سەرما لەسەر نەبێت. لەوڵاتی خۆشمان هەمیشە هەڵبژاردنەکان لەوەرزی بەهار یان لە وەرزی پایز ئەنجام دراون، ئەوکاتە ئێوە حزب نەبوون تا بڵێن لەترسی ئێمە نە وێران لە چلەی زستان هەڵبژاردن بکەن.   

دووا پەیامم ئەوەیە کە هەرچەندە  ڕاستە داری (گەرچەک)  زوو گەشە دەکات و باڵای بەرزدەبێتەوە، بەڵام ناتوانێ ململانێی داربەڕوو بکات لە خوراگریدا و بەرگەی یەک  وشکە سەرما ناگرێت و وشک دەبێت.
لەگەڵ رێزمدا.

 لەتیف نێروەیی
23/7/2023

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP