لێرە تا کۆتایی ساڵ و سەرەتای داهاتوو رووداوی گەورە دەقەومێن . بابەتەکەش پێشبینی عەرافە قەرەجەکە نییە، پێدراوەکان وا دەڵێن. یانی ئەوەی لە ئەجیندای ئاژانسەکانی هەواڵدا پێیدەڵین: تەقویمی هەواڵە پێشبینیکراوەکانی مانگ و ساڵ.
تەقویم دوو هەڵبژاردنی عێراقی و کوردستانی تۆمارکردووە؛ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کوردیش ناوچە دابڕێراوەکانی خۆی پەیوەستی ململانێ دیموکراتییە لۆکالییەکەی کردووە.
ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان(پەرلەمان) کە ئەم باسە وێستگەیەکی گرنگی چۆنایەتییە بۆ پرۆسەی سیاسیی کوردستان کە داخۆ دەریچەیەکی نوێی بۆ دەکرێتەوە یان هەروا بە شەلە شەل دەروا بەرێوە.
بێ لەم دوو تەقویمە کە هەڵبژرادنە و دیموکراسییە و گەرەکە بە ئاشتی و خۆشی بروا. شەڕ و تۆفانەکانی ناوجەکەش قسەی خۆی دەکات لە کییف تا غەزە.
بۆ نەتەوەی بەلەنگاز و فەقیریش لە رۆژئاڤا و لە هەرێمی کوردستانیی باشووریش موشک و درۆنی ناو بە ناو کە خەریکە دەبێتە دیاردە، فلاشێکی لە گۆشت و خوێنە کورد ئاگادار دەکاتەوە.
راستە ئەمەریکای زلهێز دەڵێ دەتوانم لەیەک کاتدا دوو جەنگ ئیدارە بدەم ( ئۆکرانی - روسی و فەلەستینی و ئیسرائیلی ) و جاوم لە پریشکەکانی هەردوکیشیانە، بەس ئەوە بۆ ئەمەریکا ڕاستە، ئەمما بۆ کوردی هەڕەشە لێکراو تەگبیری هاوبەش لە تەکبیر و پاڕانەوەی جەماعی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زەروریترە.
ئینجا ئایا لەم قەومانانەدا کارت و پەنجەمۆر و سندوق لە پریشک بەدوور دەبن؟ هەمیشە گەشبینی باشە، بەڵام گەشبینی سەرخانە و پێویستی بە ژیرخانێکی مەحکەم و تۆکەمە هەیە.
شرۆڤەی کورت لێرە خەلاس بوو، ماوە کەمەندی تەدبیر وەک کتێبی (کورد وعەجەم) لە زمانی ئەدەبیاتی قەدیمی فارسەوە دەیگێڕێتەوە. ئەمەیان قسەی تولانی گەرەکە
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP