هەرگیزا و هەرگیز دەست لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەرنادەین

بورهان سەعید سۆفی
22:30 - 2023-12-15

فەرماندە و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە قارەمانەکان

وەک دەزانن سبەینێ ڕۆژێکی چارەنوسساز و مێژووییە بۆ گەلەکەمان، ڕۆژی سەلماندن و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک و خانەقین و دوبز و سەرگەڕان و موصڵ و شەنگال و دووزخورماتو و مەخمور و سەرجەم ناوچەکانی ترە.
ڕۆژی بەگژداچوونەوەی بیروباوەڕی شۆڤێنی و دوژمنانی گەلەکەمانە، کە بوونەتە هەڕەشەی جدی بۆ نەتەوەکەمان.

ئومێدەوارم سەرجەم فەرماندە و ئەفسەر و سەرباز و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، وەک چۆن لە ڕابردوودا قەڵغانی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ووڵاتەکەمان بوون و بە خوێن و خەباتی خۆیان پارێزگارییان لێکردووە، لەم پڕۆسە دیموکراسییەی هەڵبژاردنیشدا هەڵمەت بەرن و بە ڕۆڵی دیار و قارەمانانەی خۆیان هەستن، متمانە بدەن بە لیستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرجەم ناوچە کێشە لەسەرەکان و کاندیدەکانی سەربخەن، بۆئەوەی چیتر خاکی نەتەوەکەمان نەبێتە جێگەی هەڕەشە و تەعریب و تەراتێنی دوژمنانمان.

بەڵێنتان پێ دەدەین دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئێستای کەرکوک و ناوچەکانی تر کۆتایی پێبهێنین، و ئاشتی و ئاوەدانی و گیانی برایەتی بچەسپێنین، لەسەروی هەمووشیانەوە ژیانێکی شایستە بۆ هێزە چەکدارەکان فەراهەم بکەین.

لە کۆتایدا ڕایدەگەیەنم؛ هەرگیزا و هەرگیز دەست لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەرنادەین و بە خوێنی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین، و داکۆکیکار و خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان دەبین.
هەرشاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP