مامە ریشە.. سیمبۆلی شۆڕش و نەتەوە

ئەحمەد رەفیق
18:51 - 2024-01-23

"کاتێک کە ریشە کرایە فەرماندەی کەرتی چواری جەباری، ڕژێم لە ترسی شاڵاوی ئەم جەنگاوەرە چاونەترسە، ھەموو ھاتووچۆیەکی لە نێوان کەرکوک و بازییاندا قەدەخە کرد!"
هەموو ساڵێک لە رۆژی ۲٤-۱دا، نەتەوەکەمان یادی رووداوێکی جەرگبڕ و تراژیدی دەکاتەوە، یادی لە دەستدانیی شێرە کوڕێکی دەگمەنیی مێژوو دەکاتەوە، کە لێوان لێو بوو لە ئەفراندن و ئازایەتیی، یادی کۆستێکی گەورە و کەمەرشکێن دەکاتەوە، یادی لە دەستدانیی جوامێر و قارەمانێکی دیکەی نیشتمان دەکاتەوە، یادی له دەستدانی جەنگاوەرێکی بێ وێنەو شۆڕە سواری پێدەشتە کاکی بە کاکییەکانی کەرکوک و کوردستان دەکاتەوە، یادی رۆحی بەرزەفڕی ئەفسانەی سەدەی بیست "مامە ریشە" سیمبۆلی شۆڕش و نەتەوە دەکاتەوە!
کاتێک رژێمی لەناوچوو لە ساڵەکانی (۱۹۷۸) و (۱۹۷۹) پڕۆسەی تەرحیل و تەعریبی لە کوردستاندا گەیاندە لووتکەی زوڵم و تاوان، کە هەرچی رەز و باخ و کشتوکاڵ هەبوو خاپووری کرد، هەروەها کاتێکیش کە جوتیار و دانیشتوانی گوندەکانشی بەرە و چارەنووسێکی نادیار راگوێزا.. ئیتر لەم ساتەوەختە ناهەموار و پڕ لە ئازارەدا کە بەعسی لەناوچوو دەرهەق بە میللەتەکەمان ئەنجامیدا، وای لە "مامە ریشە" کرد، لە شۆڕشی نوێدا لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانییدا؛ چەکی مەردایەتی بکاتە شان، و دڕ بە شەوە زەنگی داگیرکاری و ستەم و زۆرداریدا بدا.
لە ماوەیەکی زۆر کەمدا "مامە ریشە" بەهۆی ئازایەتیی و جوامێری و جەربەزەییەکەیەوە، توانیی؛ وەک پێشمەرگە و جەنگاوەرێکی بێ وێنە، ناوو ناوبانگی بە هەموو کوردستان و تەنانەت عیراقیشدا بڵاو ببێتەوە، و لە دەشتە کاکی بە کاکییەکانی ناوچەکانی؛ (ھەمەوەند، جەباری، قادرکەرەم، و دەوروبەری شاری کەرکوک)دا گورزی کوشندە و جەرگبڕ لە دوژمن بدا.. گورزە بەھێزەکانی "مامە ڕیشە" لە ھێزی داگیرکەر، ھێندە کاریگەر بوون کە ھەر بە ناوهێنانیی ریشەی جوامێر و پێشمەرگە، بەس بوو بۆ تۆقاندن و تێکشکاندنی ئۆردووی دوژمن، تا وای لێهات لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، وەک جەنگاوەرێکی ئەفسانە باس لە ئازایەتیی و جوامێری "مامە ریشە" دەکرا.
لە ساڵی (١٩٧٩)وە، "ریشە" ئەم ئازایەتیی و جوامێرییە دەگمەنەی، ئاوێتەی کاری پێشمەرگایەتیی و شۆڕش کرد، سەرەتا لە کەرتی بازیان درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتیدا، لەگەڵ ھەموو چالاکییەکدا، ناوبانگی ئەم شۆڕە سوارەی کوردەواریی، تا دەهات زیاتر بەرەو لووتکەی سەرکەوتن هەڵدەکشاو ئازایەتی و خۆشەویستیی، لە دڵ و دەروونی هەموو تاکێکی کورد زیاتر دەبوو.
ئەوێ روژێش کە کرایە فەرماندەی کەرتی چواری جەباریی، ڕژێم لە ترسی شاڵاوی ئەم جەنگاوەرە، ھەموو ھاتوچۆیەکی لە نێوان کەرکوک و بازییاندا قەدەخە کرد، و ئیتر لێرەوە وردە وردە ناوی "مامە ڕیشە" کەوتە نێو سرود و دروشمە جەماوەرییەکان، و بە هوتافکێشان و ناوهێنانی "مامە ریشە" هێندەی تر، رق و ورەو بیرو بازووی جەماوەر، بەرامبەر بە تاوان و رەفتارەکانی بەعسی لەناوچوو، بەهێزتر دەبوون.
بەشێک لە داستان و سەروەرییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەر لە شەڕی (تەپەی عەرەب)وە تا دەگاتە داستانی ڕزگارکردنی (بێتواتە) جێپەنجەو نەخشەی "مامە ڕیشە"ی سیمبۆل و ئەفسانەی پێوە دیارە. ئەم پێشمەرگە چاو نەترس و ئازاو بوێرە، چەند جارێک لە شەڕی پێشمەرگایەتیدا بریندار بووە. هەروەها بەهۆی ناوو ناوبانگ و هەڵوێستەکانییەوە، ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، باوکی "مامە ڕیشە" و برایەکی شەھید دەکەن!
دوژمن ھەر بەمەشەوە نەوەستا، تا دەهات فۆبیا و ترس و دڵەوارکێی "ریشە" لە دڵ و دروونیان رۆتر دەچوو، بۆ ئەمەش بیری لە پیلانێک کردەوە تا شەهیدی بکات! مەخابن لە رۆژی (٢٤)ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥، لە پیلانێکی ترسنۆکانەی پێشتر بۆ داڕێژراودا بە دەستی کۆمەڵێک جاش و خۆفرۆش و بەکرێگیراو، شەھید دەکرێ و دەگات بە لووتکەی کاروانیی شەهیدان!

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP