سستبوونی کوێرەڕژێنی پەریزادە (تەمبەڵی غودەی دەرەقی)

تەندروستی
21:38 - 2022-05-20

سستی وە پەک کەوتنی غودەی دەرەقی یەکێکە لە نەخۆشیە باوەکانی کوێرەڕژێنی پەریزادە . ئەو حالەتە دوو جۆری ھەیە.

جۆری یەکەمیان کێشەکە لە خودی غودە ھەیە (Primary Hypothyroidism ) ، ئەم جۆرەیان بەشی ھەرەزۆری حالەتەکانی تەمبەلی غودە پێک دەھێنێت و باسی ئەو جۆرەی تەمبەلی غودە دەکەین.

جۆری دووەم ( Secondary Hypothyroidism ) زۆر کەمترە بە بەراورد بە جۆری یەکەم وە بەھۆی کۆمەلێک نەخۆشی ژێرمێشکە رژێن روودەدات و دەبێتە ھۆی تێکچوون و نەمانی ئەو ھۆرمۆنەی کە کۆنترۆلی غودە دەکات ، جگە لە پەک کەوتنی غودە نەخۆش کێشەی کۆمەلێک ھۆرۆمۆنی تریشی دەبێت ( دەکرێت لە نووسینێکی تر باسی نەخۆشیەکانی ژێرمێشە ڕژێن بکەین ).
رەگەزی مێ لەبەر کۆمەلێک ھۆکار ئەگەری تووشبونی بە تەمبەلی غودە شەش جار زیاترە بە بەراورد لەگەل پیاو .لە ڕاستیدا زۆربەی نەخۆشیەکانی غودەی دەرەقی لە ئافرەتان زۆر باوە ، لە ھەر ھەشت ئافرەت یەکێک ئەگەری ئەوەی ھەیە کە تووشی نەخۆشی غودە ببێت لە ماوەی ژیانی.

 

ھۆکارەکانی تەمبەڵی غودەی دەرەقی چین ؟
١.ھۆکاری سەرەکی جۆرێکی ھەوکردنی غودەیە کە بە ھاشیمۆتۆ دەناسرێت ( Hashimoto’s Thyroiditis ) ، بەشێکی ئەو نەخۆشانەی کە بە توندی تووشی ئەو ھەوکردنە دەبن، دەبێتە ھۆی پەک کەوتنی غودە . لەو حالەتەدا لەشی مرۆڤ جۆرێک لە دژەتەن درووست دەکات کە پەلاماری غودە ئەدات و بە رادەیەک کە توانای درووستکردنی ھۆرمۆنی سایرۆکسینی نامێنێت.
٢.ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری لابردنی غودەیان بۆ دەکرێت تووشی نەمانی ھۆرمۆنی سایرۆکسین دەبن ، ئەگەر ھەموو غودەکە لانەبرێت بۆی ھەیە کە ئەو بەشەی لە گلاندەکە ماوە بە فەرمانی خۆی ھەستێت و نەخۆشەکە تووشی کەمی ھۆرمۆن نەبێت و پێویستی بە دەرمان نەبێت.
٣.ئەو کەسانەی کە چارەسەری ئایۆدینی تیشکدار ( Radioactive Iodine )بەکاردەھێنن بۆ چارەسەری غودەی ھار تووشی پەک کەوتنی غودە دەبن .بە ھەمان شێوە بەکارھێنانی تیشک ( Radiotherapy ) بۆ چارەسەری شێرپەنجەی ئەو ئەندامانەی کە لە مڵ نزیکن بۆی ھەیە ببێتە ھۆکاری پەک کەوتنی غودە.

٤.کەمی ئایۆدین لە خواردن بۆی ھەیە ببێتە سستی غودەی دەرەقی . لەشی مرۆڤ پێویستی بە ئایۆدینە بۆ ئەوەی ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست بکات . ئایۆدین بە شێوەیەکی گشتی لە ماسی و خواردنە دەریاییەکان ھەیە . لە کاتی ئێستادا ئەم ھۆکارە کەمتر دەبینرێت ، چونکە زۆربەی ئەو خوێیانەی لە بازاردا بەردەستە ئایۆدینی بۆ زیادکراوە.
٥.بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان بۆی ھەیە ببێتە سستی غودە . بۆ نموونە لیسیۆم ( Lithium )کە بۆ چارەسەری خەمۆکی بەکاردەھێندرێت ، بەھەمان شێوە دەرمانی ئەمیۆدارۆن ( Amiodarone ) کە بۆ رێکخستنی لێدانی دڵ بەکاردەھێنرێت .ئەو دەرمانەی کە بۆ چارەسەری غودەی ھار بەکاردەھێنرێت ( Carbimazole ) ئەگەر لەژێر چاودێری ووردی پزیشک نەبێت بۆی ھەیە ببێتە تەمبەڵی غودە.
٦.پەک کەوتنی غودە لە منداڵی تازە لەدایکبوو ( Congenital Hypothyroidism ) . ئەمجۆرە حالەتێکی زگماکیە ، بەلام کەمی ئایۆدین لە ئافرەتی زگپڕ بۆی ھەیە ھۆکارێک بێت لە ھەندێک حالەت . دەسنیشانکردنی ئەو حالەتە کە لە ڕێگای دلۆپێک خوێن دەکرێت و پشکنینێکی زۆر ئاسانە . درەنگ دەسنیشانکردن و دواکەوتنی چارەسەری بە تایبەت لە چەند مانگی یەکەمی دوای لەدایکبوون دەبێتە ھۆی وەستانی گەشەی مێشک و لاوازبوونی ئاستی ژیری مندالەکە.

 

نیشانەکانی تەمبەڵی غودەی دەرەقی چین ؟
تەمبەڵی غودە کۆمەلێک کێشە بۆ نەخۆش درووست دەکات ، بە تایبەت ئەگەر درەنگ دەستنیشان بکرێت .کەمبوونی ھۆرمۆنی سایرۆکسین دەبێتە سەرھەلدانی کۆمەلێک نیشانە لە نەخۆش . مەرج نیە نەخۆش ھەموو نیشانەکانی ھەبێت . ئەتوانین ئەو ڕێزبەندیە بۆ نیشانەکانی تەمبەڵی غودە بکەین : ١.ھیلاکی و شەکەتی و زوو ماندوبوون ، یەکێکە لە نیشانە ھەرە باوەکان.
٢.زیادبوونی کێش و قەلەوی . نەخۆش لەگەل ئەوەی پارێز دەکات ناتوانێت کێشی دابەزێنێ.
٣.ووشکبوونی پێستەو قژ ھەلوەرین . ناسک بوونی و شکانی نینۆک.
٤.ئازاری جومگەو ماسولکەکان.
٥.لە ئافرەتان دەبێتە تێکچوونی سووڕی مانگانەو بە شێوەیەکی گشتی خوێن زۆر دەبینن . تەمبەڵی غودە یەکێکە لە ھۆکارەکانی نەزۆکی . لە ئافرەتی زگپڕ ئەگەر حالەتەکە دەستنیشان نەکرێت بۆی ھەیە ببێتە ھۆکاری مندال لەبەرچوون.
٦.دڵەڕاوکی و خەمۆکی و لەبیرچوونەوەو زۆر خەوتن.

٧.ھەمیشە ھەستکردن بە ساردی . بەشێکی نەخۆشەکان تەنانەت لە وەرزی ھاوینیش ھەست بە ساردی دەکەن.
٨.قەبزی.
٩.مێروولەکردن و سڕبوون و ئازاری پەنجەکانی دەست ، چونکە تەمبەڵی غودە بەھۆی ئاوسان بۆی ھەیە کە فشار بخاتە یەکێک لەو دەمارانەی کە بە مەچەک تێدەپەڕێت.
١٠.لاوازی سێکسی.
١١.کەمخوێنی.
١٢.لە مندالان دەبێتە ھۆی دواکەوتنی گەشەی مندال و یەکێکە لە ھۆکارەکانی کورتە بالایی و دواکەوتن لە خوێندن و ئاستی ژیری.
١٣.خاوبوونەوەی لێدانی دڵ ، ئەگەر نەخۆشیەکە چارەسەر نەکرێت و لە قۆناغی پێشکەوتوو بۆی ھەیە ببێتە پەک کەوتنی دڵ ( عجز القلب ). سستی غودە یەکێکە لە ھۆکارەکانی بەرزی کۆلیسترۆل.
١٤.لە بەشێکی نەخۆشەکان گۆڕانکاری لە دەنگی نەخۆش ڕوودەدات .بە تایبەت لە ئافرەتان ئەو دیاردەیە ھەستی پێدەکرێت.
١٥.ئاوسانی دەموچاو و قاچ.
دەبێت ئەوەش بگوترێت لە کاتی ئێستا پشکنینی خوێن بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەستە، بە دەگمەن نەخۆشێک دەبینین کە لە قۆناغی پێشکەوتووی پەک کەوتنی غودە بێت.


چۆن تەمبەڵی غودەی دەرەقی دەستنیشان دەکرێت ؟

دیارە تەمبەڵی غودە کۆمەلێک نیشانەی ھەیەو ئەو نیشانانە لە کۆمەلێک نەخۆشی تریش دەبینرێت ، بەلام باشە ئەگەر کەسێک بەشێک لەو نیشانەی ھەبێت کە باسمان کردووە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات و ھەلسەنگاندنی نەخۆش کارێکی پێویستە.

پشکنینی خوێن زۆر گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی تەمبەڵی غودە. لەکاتی ئێستادا پشکنینی خوێن بەشێوەیەکی بەرفراوان بەردەستەو ئەنجامدانی ئەو پشکنینە زۆر ئاسانە بە بەراورد لەگەل ھۆرمۆنەکانی تر.

لە پشکنینی خوێن دوو بەشی سەرەکی ھەن، ئەوانیش فری تی فۆڕ ( Free T4 ) وە ھەروەھا تی ئێس ھێچ ( TSH ). فری تی فۆڕ کە لە غودەی دەرەقی درووست دەکرێت، بە ھۆی پەک کەوتنی غودە ڕێژەکەی لە خوێن کەم دەبێت . مێشک ھەست بە کەمی ئەو ھۆرۆمۆنە دەکات، ھەر بۆیە ژێرمێشکە ڕژێن بڕێکی زۆرتر لە ھۆرمۆنی تی سی ھێچ دەردەکات و رێژەکەی لە خوێن بەرزدەبێتەوە.

بەم شێوەیە پەک کەوتنی غودە دەبێتە ھۆی کەمی Free T4 وە بەرزبوونەوەی TSH .

 

جۆن تەمبەڵی غودە چارەسەر دەکرێت ؟
١.چارەسەری تەمبەلێ غودە لە ڕێگای حەبی سایرۆکسین ( Levothyroxine ) دەکرێت . نەخۆش دەبێت بزانێت کە ھۆرمۆنی سایرۆکسین ڕۆلێکی گەلێک گرنگی ھەیە لە ئەمجامدانی زیندە چالاکیەکنی لەش.

٢.حەبی سایرۆکسین لە لایەن سەدان کۆمپانیای جیاواز دەرمان درووست دەکرێت ، بۆی ھەیە لە ژێر ناوی جیا بێت ، بەلام پێکھاتەی ھەموویان ھەمان شتەو جیاوازیان نیە .حەبی سایرۆکسین بە ژەمی جیاواز لە بازار بوونی ھەیە ، بۆ نموونە ٢٥ ، ٥٠ وە ھەروەھا ١٠٠ مایکرۆگرام.
٣.تەمبەڵی غودە نەخۆشیەکی درێژخایانەو نەخۆس دەبێت بە درێژایی ژیانی سایرۆکسین بەکاربھێنێت.

٤.بڕی سایرۆکسین لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت . لە ھەندێک نەخۆش بڕەژەمی ٥٠ مایکرۆگرام حالەتە کۆنترۆل دەکات ، کەچی ھەندێک نەخۆش بۆی ھەیە پێویستیان بە ٤٠٠ مایکرۆگرام لە سایرۆکسین ھەبێت . بە شێوەیەکی گشتی جورعەی ١٠٠ بۆ ٢٠٠ مایکرۆگرام زۆربەی ھەرەزۆری حالەتەکانی تەمبەلی غودە کۆنترۆل دەکات.
٥.دوای دەسنیشانکردنی نەخۆشیەکە ، پزشکی پسپۆر رێنمایی بە نەخۆش ئەدات چۆن سایرۆکسین بەکاربھێنرێت. سەرەتا بە برەژەمێکی کەم دەستپێدەکرێت ، بە تایبەتی لە کەسانی بە تەمەن یاخود ئەوانەی نەخۆشی دلیان ھەیە . لە ماوەی چەند ھەفتەیەک جورعەکە زیاد دەکرێت . پشکنینی خوێن لەو کاتانەدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی دکتۆر بتوانێت برەژەمی پێویست بۆ نەخۆش دیاری بکات و نەخۆش دەبێت چەند جارێک پشکنینی خوێن ئەنجام بدات لە چەند مانگی سەرەتای نەخۆشیەکە .دوای ئەوەی حالەتەکە کۆنترۆل کرا ، ئەنجامدانی پشکنینی خوێن دەتوانرێت کەمبکرێتەوە بۆ یەکجار لە ھەر سالێک.

٦.وا باشە کە حەبی سایرۆکسین ڕۆژانە لە ھەمان کاتدا بەکاربھێنرێت . بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان بە تایبەت حەبی ئاسن و کالسیۆم ، یاخود ھەندێک خواردن بۆی ھەیە لە مژین و کاریگەری سایرۆکسین کەمبکاتەوە ، بۆیە ھەمیشە ئامۆژگاری نەخۆش دەکەین کە بەیانیان لە خرینی نیو کاتژمێر پێش نان خواردن حەبەکە لەگەل پەرداخێک ئاو بخوات . ئەگەر حەبەکەت لەبیرکرد ، ئەتوانی دوای چەند کاتژمێرێکش بێت بەکاربھێنی . ئەگەر رۆژێک حەبەکەت لەبیرکرد ، دوو دل مەبەو لە رۆژی داھاتوو پێویست بەوە ناکات کە دوو حەب وەربگریت.
٧.بەشێک لەو نەخۆشانەی لەگەل ئەوەی ژەمی تەواو لە سایرۆکسین وەردەگرن و پشکنینی خوێن نۆرمال بۆتەوە ھەر ھەست بە ماندوویی دەکەن . لەو حالەتەدا لە رابردوو حەبی لیۆسایرۆنین ( Liothyronine ) زیاد دەکرا . لە کاتی ئێستادا زۆربەی ناوەندە زانستیەکانی پەیوەست بە غودەی دەرەقی لەسەر ئەوە کۆکن کە لیۆسایرۆسین بەکارنەھێنرێت چونکە جگە لە بەھەدەردانی پارە ، لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ھیچ سوودێکی زیاتر بە نەخۆش ناگەیەنێت.
٨.کۆمەلێک دەرمان و ڤیتامین لە بازار ھەن کە پروپاگەندەی ئەوە دەکەن سوودی ھەیە بۆ غودە ، نەخۆش دەبێت بزانێت ھیچ حەبێک جێگای سایرۆکسین ناگرێتەوە و تاکە دەرمانی چارەسەری تەمبەلی غودە حەبی سایرۆکسینە.
٩.ئەو ئافرەتانەی کە تەمبەلی غودەی دەرەقیان ھەیە لە کاتی دووگیانی پێویستیان بە بڕێکی زیاتر لە سایرۆکسین دەبێت ، ھەر بۆیە ھەر کاتێک کە نەخۆشەکە زانی دووگیانە دەبێت سایرۆکسین بە بری ٢٥ مایکرۆگرام زیاد بکات و لە نزیکترین دەرفەت پزیشکی پسپۆر ببینێت . لە ماوەی دووگیانی چەند جارێک پشکنینی پشکنینی خوێنی بۆ ئەنجام دەدرێت و بری پێویست لە سایرۆکستن دیاری دەکرێت.
١٠.حەبی سایرۆکسین ھیچ کێشەیەکی لاوەکی بۆ نەخۆش درووست ناکات ئەگەر بە ڕێژەی پێویست بەکاربھێنرێت.

 

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
پسپۆڕی وورد لە نەخۆشیەکانی شەکرەو ھۆرمۆنات
لەندەن

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP