ستران عه‌بدوڵڵا: كوردستان دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كاندا

کوردستان
16:17 - 2022-11-15

لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، من وایده‌بینم له‌كوردستاندا سیاسه‌تێكی كوردستانی ته‌واومان نییه‌، به‌ومانایه‌ نا كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی كوردستانی بیرناكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ومانایه‌ی كه‌ كوردستان چه‌ند زۆنێكه‌.
هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر چه‌ند زۆنێكدا دابه‌شبووه‌

ستران عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند:" كه‌ ده‌وترێت "زۆن"، وادێته‌ به‌رچاو كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان زۆنی سه‌وز و زۆنی زه‌رد هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وانییه‌، كوردستان زیاد له‌ زۆنێكه‌ و ئاشكراترینه‌كانیان زۆنی سه‌وز و زۆنی زه‌رده"‌.
"كه‌ركوك زۆنێكی سیاسی دیكه‌یه‌ له‌ كوردستان كه‌ حكومه‌تی عیراق سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و عه‌ره‌ب و توركمان تێیدا به‌شدارن، سلێمانی زۆنێكه‌، هه‌ولێر زۆنێكی دیكه‌یه‌، هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی زۆنێكی دیكه‌ن"، ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی وای وت.
كوردستان دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كاندا

ستران عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: "ئه‌م زۆنه‌ جیاوازانه‌ رێگه‌نادات قسه‌ له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی بكرێت له‌ته‌واوی كوردستاندا، یه‌كێك له‌و هه‌ڵه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ حزبه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌یكه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ یه‌ك چاو سه‌یری یه‌ك زۆن ده‌كه‌ن، كه‌باسی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن واده‌زانن ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستاندا له‌ یه‌ك شوێنه‌، له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵات له‌كوردستان دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كان كه‌ جوگرافیای جیاوازیان هه‌یه‌".
پارتیش خاوه‌نی زۆنی زه‌رد نیه‌

لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وردتری بكه‌ینه‌وه‌، زۆنی زه‌رد-یش به‌ته‌نها زۆنی زه‌رد نییه‌، به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین هه‌ندێك ناوچه‌  بۆنموونه‌ بادینان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاوازی هه‌یه‌ به‌راوورد به‌هه‌ولێر، ئه‌مه‌ له‌كاتێكداته‌ كه‌ هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان حكومی ده‌كات و نفوسی پارتی تێیدا زاڵه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ به‌ناونیشانی زۆنی سه‌وزه‌وه‌یه‌، جگه‌ له‌ یه‌كێتی حزبی تریش هاوبه‌شی یه‌كێتین له‌م پڕۆسه‌ سیاسییه‌دا".
سلێمانی بارگاوی كراوه‌ به‌پرۆسه‌ی سیاسی

" كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی ده‌كه‌ین له‌ڕاستیدا پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستاندا ته‌نها له‌ سلێمانی-دا بوونی هه‌یه‌، گوشارێكی زۆر له‌سه‌ر سلێمانی هه‌یه‌ و بارگاوی كراوه‌ به‌ پڕۆسه‌ی سیاسی، چونكه‌ كورد ئێستا له‌ كه‌ركوك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وتۆی نییه‌ كه‌ پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی باش له‌گه‌ڵ توركمان و عه‌ره‌ب-دا بەڕێوەببات، هه‌روه‌ها پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌ولێر و بادینان "قه‌پات" كراوه‌، به‌ومانایه‌ نا كه‌ به‌ته‌واوی دیكتاتۆری-یه‌، به‌ڵام "قه‌پات" كراوه‌ و تێیدا پارتی زۆر یارمه‌تی چالاكی سیاسی نادات و دیزاینێكی تایبه‌تی خۆی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كردووه‌"، ستران عه‌بدوڵڵا وای وت.
ته‌نها له‌سلێمانی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌یه‌

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتی: "تاكه‌ شوێن له‌ كوردستان كه‌ پڕۆسه‌ی سیاسی تێیدایه‌ زۆنی سه‌وزه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ناوچه‌ی سلێمانی، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وترێت زۆنی سه‌وزیش دیاره‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌كه‌دار نییه‌، پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ زۆنی سه‌وز و له‌ سه‌نته‌ری سلێمانی-یه‌، سلێمانی بارگاوی كراوه‌ به‌ بارودۆخێكی سیاسی كه‌ هه‌مووی له‌ سلێمانی ده‌ڵێت"با بڕوخێ و با بژی"، ئه‌مه‌ یارمه‌تی گۆڕانكاری سیاسی گه‌وره‌ نادات له‌ كوردستان، ئه‌مه‌ وا له‌ سلێمانی ده‌كات وه‌كو به‌یروت-ی لێبێت كه‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كانی دونیای عه‌ره‌بی له‌ ساڵی 60ـه‌كان و 70ـاكاندا هاتن و خۆیان له‌ به‌یروت تاقیده‌كرده‌وه‌، ئاڕاسته‌ و دروشمه‌ سیاسییه‌كانی خۆیانیان له‌ به‌یروت تاقیده‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ به‌یروت بارگاوی بوو به‌ هه‌لومه‌رجیكی دژوار تا سه‌ریكێشا بۆ دژوارییه‌ك به‌جۆرێكبوو شه‌ڕی ناوخۆی لێكه‌وته‌وه‌، هیوادارین كه‌ پڕۆسه‌ی سیاسی كه‌ له‌ سلێمانی هه‌یه‌ بگه‌شێته‌وه‌ و هه‌موو كوردستان بگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا سلێمانی وه‌كو هه‌موو كوردستانی لێدێت و "قه‌پات" ده‌كرێت له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ و جموجۆڵی سیاسی تێدا نامێنێت، له‌ئه‌نجامدا شتێك له‌ كوردستان نامێنێت پێیبڵێین پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP