ماڵپه‌ڕی كۆڵبه‌ر نیوز، ئاماری قوربانیانی كۆڵبه‌رانی له ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوكرده‌وه و به پێی ئاماره‌كه له‌و ساڵه‌دا له سنووری پارێزگای كرماشان و سنه و ورمێ ٤٣ كۆڵبه‌ر كوژراون، كه ٢٩ كه‌سیان به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كانی ئێران گیانیان له‌ده‌ستداوه، كۆڵبه‌رێكیش له‌لایه‌ن پاسه‌وانی سنووری توركیاوه كوژراوه.
به‌پێی ئاماره‌كه، كۆڵبه‌ره‌كانی دیكه‌ش به‌هۆی كه‌وتنه خواره‌وه له به‌رزایی و ڕه‌قبوونه‌وه به هۆی سه‌رما و وه‌ستانی دڵ له كاتی كۆڵبه‌ری گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ماڵپه‌ڕه‌كه ئه‌وه‌شی خستۆته‌روو، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ٢١٥ كۆڵبه‌ر برینداربوونه، كه ١٦٠ كه‌سیان له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه كراونه‌ته ئامانج، ئه‌وانی تر به هۆی كه‌وتنه خواره‌وه له به‌رزایی و ته‌قینه‌وه‌ی مین و ڕووداوی هاتووچۆ له كاتی ڕۆیشتن بۆ كاری كۆڵبه‌ری برینداربوون.
جێی ئاماژه‌یه، به هۆی پشتگوێخستنی ناوچه كوردییه‌كان له ئێران و نه‌بوونی هه‌لی كار و به‌رزی ئاستی هه‌ژاری ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڵاتیان بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان ڕووده‌كه‌نه پیشه‌ی تاقه‌تپروكێن و پڕ مه‌ترسی كۆڵبه‌ری له سه‌ر سنووره‌كانی نێوان ئه‌و به‌شه و باشور و باكوری كوردستان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP