ئاسۆ مامەند: پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامبووانی سەنگەر سەروەتێکی گەورەی یەکێتیین

کوردستان
22:32 - 2023-05-31


رۆژی چوار شەممە ٣١-٥-٢٠٢٣ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و ژمارەیەک لە ئه‌ندامانی مەکتەبی سیاسی، و سەرکردایەتیی، و سکرتارییەتیی سەرۆک مام جەلال، لە چوارچێوەی (هەفتە یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)دا، ئێوارە خوانێک بۆ سەرجەم پێشمەرگە دێرینەکان، و کەم ئەندامبووانی سەنگەری یەکێتیی لە سنوری کەرکوک و دەوروبەری رێکخرا.

لەو ئێوارە خوانەدا ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی رۆڵی ئازایانە و قارەمانانەی پێشمەرگە دێرینەکان، و کەم ئەندامبووانی سەنگەری بەرزنرخاند و رایگەیاند؛ پێشمەرگە دێرینەکان، و کەمئەندامبووانی سەنگەر لە کاتی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا رۆڵی جوامێرانەیان هەبوو لە بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.

ئاسۆ مامەند ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد؛ پێشمەرگە دێرینەکان، و کەمئەندامبووانی سەنگەر، سەروەتێکی گەورەی یەکێتیین، و شایەنی رێزلێنانی زیاترن، وتیشی؛ هەرچییەکمان بۆ بکرێت بۆ خزمەتکردنیان بێ درێغ ئەنجامی دەدەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد؛ لە دوای كۆچی دوایی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال، هەندێک کەس و لایەن هەوڵیاندا درز و کەلێن بخەنە نێو ریزەکانی یەکێتیی، بەڵام ئێستا دەبینن کە یەکێتیی چۆن بە بەرنامە و بە هێزەوە هاتووەتەوە نێو گۆڕەپانەکە، و دۆست و نەیار چاویان لە هەنگاوەکانییەتیی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP