ئاسۆ مامەند لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییدا پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە

کوردستان
23:39 - 2023-05-31

دەقی پەیامی پیرۆزبایی ئاسۆ مامەند بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

دەقی پەیامەکە..
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..!کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان..!پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەرانی ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان..!
بەبۆنەی یادی (٤٨) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و (٤٧) ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، گەرمترین پیرۆزبایی یٔاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە و ڕێکخستنە دێرینەکان، زیندانییە سیاسییەکان، کەمیٔەندامانی سەنگەر، پێشمەرگە قارەمانەکان، سەرجەم کادیر و یٔەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارودۆخی نالەباری دوای ھەرەس، و بۆ سەرخستنی خەباتی رزگاری نیشتمانیی گەلی کوردستان، و بە ئامانجی بەریگریکردن و دابینکردنی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، و لەسەر بنەمای چەسپاندنی مافی چارەنووس، ھاتە کۆڕی خەبات و تێکۆشان، لەو نێوەندەشدا رابەر و سەرکردە سەرۆک مام جەلال، و ژمارەیەک لە ھاوسەنگەرانی دەستپێشخەرییەکی مێژووییان لە خەباتی نەپساوەی گەلەکەماندا تۆمارکرد، دوای ساڵێکیش لە دامەزراندنی یەکێتیی، سەدان ھەزار تێکۆشەر و رۆڵەی ئەم نیشتمانە بوونە ھەوێنی دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
ھەڤاڵانی یەکێتیی..!
ئەم کاروانە.. ئامانجی گەورە و بەرچاوی بەدیھێناوە و بەردەوامیش دەبێت لە خەبات و تێکۆشان، ھێشتا زۆری تریش ماون کە بەدییان بھێنێت، ئەم رەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە رابەرایەتیی سەرۆک مام جەلال، و قوربانیی ھەزاران شەھید، و رەنج و ماندوو بوونی سەدان ھەزار تێکۆشەر گەیشتە قۆناغی فیدراڵی، و سەرۆک مام جەلالیش بووە یەکەم سەرۆکی ھەڵبژێردراوی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ.
ھەڤاڵانی تێکۆشەر..!
لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە گەش و پڕ لە سەروەرییەی یەکێتیی دەکەینەوە، رووداو گەلێکی زۆر لە سەر ئاستی جیھان، ناوچەکە، عێراق و کوردستان ھاتوونەتە ئاراوە، کە وامان لێدەخوازێت یەکێتیی بە دیدێکی تازەوە بە رۆڵی کاریگەر و مێژوویی خۆی ھەڵبسێت و ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانیش لەئەستۆ بگرێت. لەسەر ئاستی کوردستان وەک یەکێتیی پابەندین بە پاراستنی یەکڕیزی ھێزە سیاسییەکان تاکو ئەو کۆ دەنگی و یەکگرتوییەی گەلی کوردستان بکەینە بناخەی کاری ھاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا بۆ بەشدارییەکی کارای کورد لە پرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراکەت، پاراستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان لە حکومەتی عیراقدا.
ھەڤاڵانی خۆشەویست..!
لە کاتێکدا یادی ئەو دوو بۆنە شکۆدارە دەکەینەوە، یەکێتیی ھەموو ھەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ نوێبونەوە و چاکسازی لە ھەردوو ئاستیی رێکخراوەیی و حکومی، ئەم ھەنگاوانەیش پێویستیی بە بەشدارییەکی کارای ھەڤاڵانی یەکێتییە کە لە ھەموو ئۆرگان و ناوچەکانەوە نەخشەرێیەکی تازەی کارکردن بھێنینە کایەوە بە ئامانجی سەرخستن و بە ئاکام گەیاندنی ئەو بەرنامەو پڕۆژەیە، و دۆزینەوەی رێگا چارەی نوێ بۆ خەباتی حزبایەتی و حوکمرانی، تا ھەموومان پێکەوە ئەم ئەرکە حزبی، و دیموکراتیی و نیشتمانییە سەر بخەین.
دانیشتوانی ئازیزی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان..!
ھەموومان دەزانین کە  عیراق و ھەرێم بەرەو وەرزی ھەڵبژاردنەکان ھەنگاو دەنێ، و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە سۆنگەی باوەڕ بوونی بە پڕۆسەی دیمۆکراسی، پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دەکات لە ڕێی پێداچوونەوە بە یاسای ھەڵبژاردن، و پێکھاتەی کۆمیسیۆن، و پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران لە ھەر لێڵی و کەموکورتییەک، داواش دەکەین کە مشتومڕەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بە زمانێکی ئارام و دوور گرژی و ئاڵۆزی بەڕێوە بچن، بۆ ئەوەی ئارامی کوردستان زەمینەی قووڵکردنەوەی دیموکراسی باشتر بخوڵقێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتیی بەردەوام ئامادەیی خۆی دوپاتکردووەتەوە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەپێناو ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
دووبارە شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان..!
سڵاو لە سەرۆک مام جەلال رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان..!
سڵاو لە رۆحی پاکی شەھیدان..!
ئاسۆ مامەند
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP