وەهاب هەڵەبجەیی: هەمووان شایەتی ئەوە دەدەن کە یەکێتیی زۆری پێشکەش بە کاروانی خەباتی کورد کردووە

کوردستان
12:22 - 2023-06-01

دروست بەر لە 48 ساڵ، سەرۆک مام جەلال و پۆلێک لە هەڤاڵانی، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بارودۆخی کوردستان دوای هەرەسی شۆڕش، بە گڕوتینێکی مەزنەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان ڕاگەیاند.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا هێزێکی کاریگەر و وەرچەرخێنەری مەیدانی خەبات و کوردایەتی بووە، هەڵگرسێنەری دوو شۆڕشی گرنگی گەلەکەمان و ئەندازیاری پشت دامەزراندنی یەکەم حکومەتی کوردیی دانپێدارابوو بووە، لە خۆبردوانە شانی داوەتە بەر خەبات و لەو پێناوەشدا سڵی نەکردووەتەوە لە قوربانیدان بە هەزاران خەباتکار و کادیر و سەدان سەرکردەی مێژوویی خۆی.

هەمووان شایەتی ئەوە دەدەن کە یەکێتیی زۆری پێشکەش بە کاروانی خەباتی کورد کردووە و زۆری دیکەش لە هەگبەی یەکێتی و سەرۆکەکەیدایە هەن تا پێشکەشی خەڵکی بکەن، بۆیە هیوادارم سەرکردە و بەرپرسانی باڵای یەکێتی لەم یادەدا هەنگاو بنێن بەرەوە زیاتر نزیکبوونەوە لەو جەماوەرەی کە خۆرسکانە نزیک بە نیو سەدەیە بوونەتە پاڵپشت بۆ یەکێتییەکەمان.

لەم یادە پیرۆزەدا دەست بە سنگەوە دەگرین بۆ ئەو قارەمانانە و بێ سڵەمینەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی کوردا لەچوارچێوەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستاندا شەهید بوون و بەڵێنیان پێدەدەین درێژەپێدەری خەباتەکەیان دەبین.

براتان
وەهاب هەڵەبجەیی

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP