سەرۆك كۆمار پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی یەكێتی دەكات

کوردستان
13:06 - 2023-06-01



د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەكێتی دەكات، بەبۆنەی 48 ساڵەی دامەزراندنییەوە و دەڵێت،: "ئەم ساڵیادە هاوكاتە لەگەڵ سەردەمێكی نوێدا، كە عیراق و ناوچەكە گۆڕانكاری زۆر بەخۆوە دەبینێت، كە لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەكێتی ریزەكان و كاری هاوبەش هەیە لە نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی عیراق و هەرێمی كوردستاندا".
دەقی پەیامەكە:

بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

خوشك و برایان لە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
 
بەبۆنەی یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و تێكۆشەران و جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
ئەم ساڵیادە هاوكاتە لەگەڵ سەردەمێكی نوێدا كە عیراق و ناوچەكە گۆڕانكاری زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، كە لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەكێتی ریزەكان و كاری هاوبەش هەیە لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی عیراق و هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەوەی هەمووان بە ئیرادەیەكی بەهێز و ژیرییەوە پلانێكی سەردەمیانە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی و كاروانی دیموكراتی و دەستكەوتەكان لە عیراقدا دابنێین.

هیوای پێشكەوتن و گەشەكردنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم كە هاوتای خەباتی چەندین ساڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت.

دكتۆر لەتیف جەمال رەشید
سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP