بەهەوڵی ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی زیاتر لە٣هەزار کارمەندی کۆمسیۆن دەکرێنە هەمیشەیی

کوردستان
17:58 - 2023-06-08

زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی کۆمسیۆن لەهەوڵێکی یەکێتی سودمەند دەبن
بەهەوڵی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی یەکێتی بڕیاری بەهەمیشەییکردنی ٣ هەزار و ٢٧ كارمەندی گرێبەستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەدرێت.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند: "پاش هەوڵی زیاتر لە یەك ساڵمان، سەرئەنجام ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری بە هەمیشەیی كردنی ٣ هەزار و ٢٧ كارمەندی گرێبەستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی دەركرد، كە لەو ژمارەیە هەزر و ١٥٠ کارمەندیان كوردن، هاوکات ٩٥٠ کارمەندیان لەهەرێمی کوردستانن و هەزار و ٨٧٧ کارمەندیشیان لەپارێزگاکانی دیکەی عیراقن.

راشیگەیاند: "هەرچەندە ئەو كارە ئاسان نەبوو و چەندین گرفتی تێدا بوو، چونكە كارمەندەكان تەنها كورد نەبوون بەڵكو بۆ هەموو پارێزگاكانی عیراق بوو، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كرد و ئەوانیش چەند جارێك داوایان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرد، بەڵام بێ ئەنجام بوو".

"دواجار بە پێداگری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران توانیمان بڕیاری ژمارە  23320 ی ساڵی 2023 ی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بە هەمیشەیی كردنی كارمەندانی گرێبەستی كۆمسیۆن بەدەستبهێنین و بەردەوامیش چاودێری رێكاری جێبەجێ كردنی بڕیارەكە دەكەین" د. بڕیار رەشید وادەڵێت.

راشیگەیاند: "هەوڵەكانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ بەهەمیشەیی كردنی كارمەندانی كۆمسیۆن، جێی سوپاس و پێزانینی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی عیراق بوو و كۆمسیۆنەكە دەستخۆشی ئاڕاستەی فراكسیۆنەكەمان كردووە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP