وەزارەتی دەرەوەی ئێران: سەردانی سەرۆكی یەكێتی پەیوەندی بە رێككەوتنی ئەمنی بەغدا و تارانەوە نییە

جیهان
15:37 - 2023-09-11



وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت سەردانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ تاران، لە چوارچێوەی گفتۆگۆی دووقۆڵی نێوان هەرێم و ئێراندایە" و "هیچ پەیوەندییەكی بە رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان بەغدا و تارانەوە نییە".

لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەفتانەی ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران دا كە رۆژانی دووشەممان رێكدەخرێت، لە رۆژی 11/9/2023 دا باسی لە سەردانەكەی وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات كە چەند رۆژێكە بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی لە تارانە.
 
ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەردانی سەرۆك بافڵ بۆ تارانی پایتەخت دەڵێت:" سەردانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ تاران لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هاوكاری دوو قۆڵی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستانی عیراقدایە" وتیشی:" ئەو سەردانە هیچ پەیوەندیی بەرێككەوتنی ئەمنی بەغدا و تارانەوە نییە".

رۆژی 19/3/ 2023 حكومەتی عیراق و ئێران لە بەغدا بەسەر پەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رێككەوتنێكی ئەمنییان ئیمزاكرد، كە لایەنی عیراقی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و لایەنی ئێرانی عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی بەڵای ئاسایشی نەتەوەیی بووە و تایبەتە بە( پاراستنی سنوورەكانی هەردوولا و رێگەگرتن لە هێرشكردنە سەر ئێران لە خاكی عیراقەوە) و بڕیارە 19/9/2023 بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
 وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت:" سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندی نییە بە درێژكردنەوەی وادەی دیاریكراوی 19/9/2023، كە وادەیەكی دیاریكراوی نێوان بەغدا و تارانە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عیراق و كە بە ئاشكرا و بە رەسمی لەلایەن كاربەدەستانی پەیوەندیداری ئێرانەوە بە كاربەدەستانی عیراق راگەیەندراوە، ئەو وادەیەش درێژناكرێتەوە".
 
ناسر كەنعانی رایگەیاند: "حكومەتی عیراق لەوبارەیەوە هەنگاوی باشی ناوە و جەختی لەسەر پابەندی خۆی بەو رێككەوتنەوە كردووەتەوە و محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیران تەئكیدی لەسەر پابەندی ئەو وڵاتە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كردۆتەوە".

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئۆفیسی رۆژنامەنووسی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەفدە باڵاكەی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرنگ لە ئەجێندای سەردانەكەیدایە و لەو چوارچێوەیەدا سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران دا كۆبووەتەوە.
 

سەرچاوە:وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، نوسینگەی رۆژنامەنوسی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP