تەنها دوو رۆژ ماوە بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەکارییەکان چڕکراونەتەوەو بەشداربووانی
کۆنگرە لەمەڵبەند و مەکتەبەکان دیاریکراون، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیش دەڵێت:"پلانی
پێنجەمین کۆنگرە نوێکردنەوەی یەکێتی و هێنانە پێشەوەی گەنجان و ژنانە بۆ ناو ئۆرگانەکانی
یەکێتی".
یەکێتی خۆی نوێ دەکاتەوە
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "وەک چاوەڕوانماندەکرد کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکانی
یەکێتی زۆر بە دیموکراسییانە بەڕێوەچوو، بۆ کۆنگرەش هەر ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی وتیشی: "پلانی پێنجەمین
کۆنگرە نوێکردنەوەی یەکێتی و هێنانە پێشەوەی گەنجان و ژنانە بۆ ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی
و ئەمەش وادەکات حزبەکە نوێ ببێتەوە، یەکێتی لەگەڵ ئەوەی حزبێکی مێژووییە، حزبێکیشە
بۆ ئایندە و هەیکەلی نوێی یەکێتی جێگای گەنجان و تێکۆشەرانیشی تێدایە و وادەکات یەکێتی
بە رۆحێکی گەنجانە بەڕێوەبچێت".
٢٦٠ ئەندامی کۆنگرە
لە مەڵبەندو مەکتەبەکان دیاریکران
لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆنگرە کۆنفرانسی
مەڵبەند و مەکتەبەکان بەڕێوەچوو، کەتێیدا٢٦٠ ئەندامی بەشداربووی کۆنگرە دیاریکران.
تەلار لەتیف وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بە PUKMEDIA ی رایگەیاندووه: لە کۆنفرانسی مەڵبەند
و مەکتەبەکاندا ٢٦٠ ئەندامی بەشداربووی کۆنگرە لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا دیاریکران،
کە ١٧٥ ئەندامیان لە مەڵبەندەکانن و ٨٥ ئەندامیشیان لە مەکتەبەکان بوون، بەمەش
ئامادەکارییەکان کۆنگرە هەنگاوێکی دیکە چووە پێشەوە".
تەلار لەتیف وتی: " لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێک
ماوە بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، هەوڵ و ئامادەکارییەکان چڕ کراونەتەوە و
هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەین".
بڕیارە رۆژی چوارشەممە ٢٧-٩-٢٠٢٣ یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لەسلێمانی، بەبەشداری ٦٠٠ ئەندامی کۆنگرە ببەستێت،
کەبۆ یەکەم جارە لەمێژووی خۆیدا پێش وادەی دیاریکراو کۆنگرە ببەستێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP