بڕیاره سبه‌ینێ چوار شه‌ممه 27-9-2023 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێنجه‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌سلێمانی ببه‌ستێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێشتر سه‌رۆك بافڵ له‌سایتی ره‌سمی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی په‌یامێكی له‌باره‌ی كۆنگره‌وه بڵاوكردبووه‌وه كه ئه‌مه ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌تی..
هه‌ڤاڵه سه‌ربه‌رزه‌كانم
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌گه‌ر له رابردوودا له‌ڕ‌ێگه‌ی شۆڕ‌شی چه‌كداری و به‌خشینی زیاتر له 26 هه‌زار شه‌هید به خاكی كوردستان خه‌باتی كردبێت، ئه‌مڕ‌ۆ به پابه‌ندبوون به پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك و تێگه‌یشتن له دۆخه‌كه، پێمانوایه باشترین رێگای خه‌بات بریتییه له خه‌باتی سیاسی له‌پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و بونیادنانی داهاتوویه‌كی گه‌شتر و سه‌قامگیرتر.
یه‌كێتی به دیدگا و ستراتیژێكی به‌هێزه‌وه سیاسه‌تی خۆی له ناوه‌ندی فیدراڵ په‌یڕ‌ه‌و ده‌كات، سیاسه‌تێك كه پێش هه‌موومان سه‌رۆك مام جه‌لال په‌یڕ‌ه‌وی ده‌كرد، ئه‌ویش بریتییه له ئاشتی، پێكه‌وه‌ژیان و هاوبه‌شیی راسته‌قینه. ئێمه ده‌زانین قوڵایی ستراتیژیی كورد له به‌غدایه، بۆیه ده‌مانه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌وڵ بۆ به‌هێزتركردنی پێگه‌ی هه‌رێم، به‌ده‌ستهێنانی مافه ده‌ستوورییه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی شایسته بۆ خه‌ڵكه خۆشه‌ویسته‌كه‌مان بده‌ین.
هه‌روه‌ها جه‌خت له درێژه‌دان به سیاسه‌تی نیشتمانی و نه‌گۆڕ‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌مه‌وه سه‌باره‌ت به پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پشتگیریكردن له مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌هه‌رشوێنێكی جیهان بێت.
خوشك و براكانم
هه‌موومان پێكه‌وه به‌ره‌و قۆناغێكی نوێی خه‌باتی رێكخراوه‌ییمان هه‌نگاوده‌نێین و كۆنگره‌ی پێنج له‌پێناو به‌هێزتربوونی یه‌كێتییه‌كه‌مان ساز ده‌كه‌ین، دڵنیام به پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست سه‌ركه‌وتوو ده‌بین و مژده‌ی یه‌كێتییه‌كی پته‌وتر به خه‌ڵكی كوردستان ده‌ده‌ین. ده‌مه‌وێت لای ئێوه‌ی خۆشه‌ویست و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان روونبێت، ئێمه بڕ‌وای ته‌واومان به نوێگه‌ری و نوێبوونه‌وه هه‌یه، له‌گه‌ڵ گۆڕ‌انكارییه‌كان هه‌نگاوده‌نێین و خۆمان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌ش راستییه‌كی مێژووییه و هه‌میشه خوێنێكی نوێ به ده‌ماره‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ده‌گه‌ڕ‌ێت.
خۆشه‌ویستان
مێژوو سه‌لماندوویه‌تی یه‌كێتی سه‌نگه‌ری پته‌وی كوردایه‌تی و قه‌ڵای به‌رزی خۆڕ‌اگرییه، مێژووی خه‌باتمان هێنده زێڕ‌ینه كه هیچ هێزێك له خۆمان به دڵسۆزتر بۆ كوردستان نازانین. ئه‌مڕ‌ۆش هێز و كاریگه‌ریی یه‌كێتی له هه‌رێم و ناوه‌ندی فیدراڵ لای هه‌مووان روونه و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشمان له ئاستێكی باڵادایه، ئاشكراشه به‌هێزیی یه‌كێتی واته به‌هێزیی هه‌رێم و عیراق. بۆیه ده‌بێت هه‌موو هه‌ڤاڵێكمان ئه‌وه‌ی له‌یادبێت كه یه‌كێتیبوون به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوویی، نیشتمانی و ئه‌خلاقییه. ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵ و هه‌نگاوێكتان هاوتابێت له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی نیشتمانییانه‌ی یه‌كێتی و ئامانجه‌كه‌تان خزمه‌تكردنی كورد و كوردستان بێت.
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه دێرینه‌كان، زیندانیانی سیاسی و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر
ئێوه زۆرتان به‌خشی به كوردستان و یه‌كێتییه‌كه‌تان، ده‌زانین دڵسۆزی و خۆڕ‌اگریی ئێوه‌ی تێكۆشه‌ر بوو یه‌كێتی گه‌یانده ئه‌م حزبه گه‌وره و كاریگه‌ره‌ی كوردستان و ناوچه‌كه. دڵنیاتان ده‌كه‌م و به‌ڵێنتان پێده‌ده‌م یه‌كێتی هه‌مان ئه‌و یه‌كێتییه ده‌بێت كه ئێوه قوربانیتان له‌پێناودا و له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و خۆڕ‌اگریتان وه‌فادار ده‌بێت. دڵنیابن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌مانه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال و ئێوه‌یه و وه‌ك رۆحمان ده‌یپارێزین.
هه‌ڤاڵان
ئه‌وانه‌ی یه‌كێتیتان له دڵتان‌دا هه‌ڵگرتووه و به‌هیواوه به‌ره‌و داهاتوویه‌كی گه‌شتر ده‌ڕ‌وانن، پێكه‌وه به یه‌ك رۆحیه‌ت و یه‌ك ئامانج به‌ره‌و كۆنگره‌ی پێنج.. به‌ره‌و یه‌كێتییه‌كی به‌هێزتر و نوێگه‌ر هه‌نگاو ده‌نێین و مێژوویه‌كی دره‌وشاوه و پڕ له شانازی بۆ حزبی شه‌هیدان ده‌نووسینه‌وه.
شاد و سه‌رفرازبن
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP