بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، "بەبۆنەی تەواوکردنی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەین و ئومێدی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و ئومێدەوارین ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە، هاندەری زیاتری تەبایی و یەکگوتاریی کوردستانی بێت لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە".
دەقی پەیامەکە..
بەڕێزان: سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
بەبۆنەی تەواوکردنی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەین و ئومێدی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
کۆنگرەکەتان لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین قەیرانی سیاسیی، ئابوری و دارایی، بۆشایی دامەزراوەیی، بێ متمانەیی لەنێوان پارتە سیاسییەکان، بێ متمانەیی هاونیشتیمانیان بە دامەزراوە گشتییەکان و لایەنە سیاسییەکانە، ئەم دۆخە ناهەموارە پێویستی بە کاری پێکەوەیی و باشکردن و ئاسایکردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانە، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەکان و باشترکردنی دۆخی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان.
ئومێدەوارین ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە، هاندەری زیاتری تەبایی و یەکگوتاریی کوردستانی بێت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە؛ بۆ بەیەکەوە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتوە، لە ناوخۆی هەرێمیشدا دەرفەتێک بێت بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی خەڵک و خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتیمانیان.
بزوتنەوەی گۆڕان
١ی ١٠ی ٢٠٢٣
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP