سەرۆک بافڵ: هەوڵی ئێمە بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر و سەقامگیرترە

جیهان
18:08 - 2024-02-16

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدرێژەی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردە، نێردەی وڵاتان و کەسایەتییە سیاسییەکان لە پەراوێزی بەشداریكردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ سیناتۆر جۆ لیبرمان، سیناتۆری پێشووی ئەمریکا، هاوسۆزی گەلی کورد و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و پرسی کورد لە ناوچەکە کرا و جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەش و نیشتمانییەكان كرایەوە لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە.

سەرۆک بافڵ درێژەدان بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆک مام جەلالی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و وتی، هەوڵی ئێمە بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر و سەقامگیرترە، دیالۆگ و گفتوگۆی بونیادنەرانەش فاكتەری بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەیە.

لەبەرامبەردا سیناتۆر جۆ لیبرمان رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لەبونیادنانی عیراقی نوێ و ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە بەرز نرخاند، هەروەها ستایشی رۆڵی سەرۆک بافڵی کرد كە سیاسەتێكی تەندروست و هاوسەنگ پەیڕەو دەكات و وتی، هەنگاوەكانتان مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە و بەدڵنیاییەوە عیراق و هەرێمی كوردستانیش پێویستی بەو سیاسەتەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP