ئاوات شێخ جەناب: لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە ڕەوانەی به‌غدا دەکەین

ئابوری
17:53 - 2024-03-04


وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە ئاراکاوا میکیھیرۆ کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە بارەی ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن کراو جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی کرایەوە.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین پێشھاتەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد خستەڕوو، تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند، ھەموو ئامادەسازییەکانمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادوە کردووە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی رابردوویان ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت .     

وەزیری دارایی ڕونیشیکردەوە، ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە ھەندێک ئاستەنگی ھونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە ھەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان.        

شایەنی باسە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەتی دارایی تایبەت بەو کارە بێ پشوو بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان تا بە زووترین کات بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.      

لای خۆشییەوە کونسوڵی ژاپۆن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دوپات کردەوە و ڕایگەیاند، ھەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین بکرێت و چیتر مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بەکێشە و ململانێی سیاسی نەکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP