د.نەرمین مەعروف: لەم هەفتەیەدا به‌غدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەکات

ئابوری
11:18 - 2024-03-09



لەم هەفتەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە عیراقەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت و ئەندامێکی لیژنەی دارایش دەڵێت:" دارایی عیراق بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی مووچەخۆران سوود لە بایۆمەتری مووچەخۆران دەبینێت".  

لەماوەیەکی کەمدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دەکرێتەوە
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:" لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەکات".

" لەگەڵ ئەوەی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بەزمانی عەرەبی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق نێردراوە، بە وتەی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق دەتوانرێت لەماوەیەکی کەمدا هەژمار بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە"، د.نەرمین مەعروف وایوت.

دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار بەهەژماری بانکی دەبێت
وەزیری دارایی عیراق لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندبوو:" پێویستە بۆ مووچەی مانگی ئادار سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم هەژماری بانکییان لەیەکێک لە بانکە حکومییەکانی عیراق هەبێت".

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران لەکاتێکدایە کە دادگای فیدراڵی لەکۆبوونەوەی رۆژی ٢١-٢-٢٠٢٤ دا بڕیاریدا کە پێویستە حکومەتی عیراق مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات، بۆ ئەمەش پێویستە مووچەخۆران هەژماری بانکیان هەبێت.

سوود لەبایۆمەتری وەردەگیرێت
پێشتر حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی سیستمی بایۆمەتریدا، داتاو زانیاری لەسەر مووچەخۆرانی هەرێم کۆکردووەتەوە، پشتبەست بەو سیستمەش کاری کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران ئاسان دەبێت.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند:" بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی مووچەخۆران وەزارەتی دارایی عیراق سوود لە بایۆمەتری مووچەخۆران وەردەگرێت و بانکە حکومییەکان بەو ئەرکە هەڵدەستن".

"وەزیری دارایی عیراق پێی راگەیاندین، ئەو داتا و زانیارییانەی پێشتر حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی بایۆمەتری مووچەخۆراندا کۆیکردوونەتەوە، بۆ هەژماری بانکی مووچەخۆران سوودیان لێ وەردەگرین"، د.نەرمین مەعروف وایوت.

سیستمی بایۆمەتری مووچەخۆران کە لەساڵی ٢٠١٧دا، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راگەیەندرا، توانرا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لەو سیستمەدا تۆماربکرێن، کە بەپێی بەدواداچوونێکی PUKMEDIA نزیکەی ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار مووچەخۆر لە سیستمەکەدا تۆمارکراون و وەزارەتی دارایی عیراقیش بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم سوود لەو بایۆمەترییە وەردەگرێت. 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP