جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ی.ن.ک، لە بارەگای ئەنجومەن، پێشوازی کرد لە لیوا روکن رزگار جەبار محەمەد، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای فەرماندەییەکە.
لە دیدارێکدا، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن، کورتە باسێکی لە کارو چالاکییەکانی فەرماندەییەکەیان پێشکەش کرد لەبواری رێکخستنەوە و پەرەپێدانی تواناکانی ھێزی پێشمەرگەدا.
لەبەرانبەردا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، باسی لەوەکرد: کە ھەموومان ئەرکێکی قورسمان لەئەستۆدایە کە خۆی لەبەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی راپەڕین و پاراستن خەڵک و حکومەتی ھەرێمدا دەبینێتەوە.
هەروەها، ئاماژەی بە رۆڵی بەرچاوی ھێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن و خوودی لیوا روکن رزگار جەبار کرد لە داستانەکانی بەرگری لە حکومەتی ھەرێمی، لەنێویشاندا داستانەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، کە زۆرجار ئەو و شەھید شێرکۆ فاتیح بەژمارەیەکی کەم لە پێشمەرگەکانیانەوە سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکردووە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP