وەسفیە بەنی وەیس عەلی (دایکی شەهیدان)

کوردستان
12:10 - 2024-04-25

له ساڵی 1952 لە خێزانێکی نیشتمان پەروەر لە گەڕەکی مەزرەعەی شاری خانەقین لەدایکبووە. دەرچووی بەشی کوردی زانکۆی سلێمانییە.

ساڵی 1974 دوای ئەوەی، کە سێ برای پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، دەزگا ئەمنییەکان لە خانەقین هەڵیان کوتایە سەر ماڵیان و دایک و باوکییان بۆ باشوری عیراق دوورخستەوەو دەستیان بەسەر ماڵەکەیاندا گرت و هەموو کەل و پەلەکانیان هەڕاجکردن.

ساڵی 1975 پەیوەندی بەریزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووەو هەمان ساڵ بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە.

ساڵی 1976 بە ماموستا لەکەلار دامەزراوە، بەڵام لەسەر بڕیاری کۆمەڵە خۆی بۆ تاسڵوجە گواستەوە. جگە لە پیشەی مامۆستایی، ئەرکی ڕێکخستنی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەبرد.

ساڵی 1977 پاش دامەزراندنی رێکخراوی لەیلا قاسم بۆ ڕێکخستنی ژنان لێپرسراویەتیی یەکێ لەدوو بەشەکەی ئەم ڕێکخراوەی پێ سپێردرا. هەر ئەو ساڵە چالاکییەکانی خۆی بۆ بەغدا گواستەوە و پەیوەندی بە شەهید ملازم جوامێرەوە کرد لە رێکخراوی هەڵوی سوور، کە رێکخراوەکە ئەرکەکەی گواستنەوەی شەڕ بو بۆ ناو ماڵی دوژمن لە بەغدا رۆڵێکی دیاری لە جێبەجێکردنی ئەرکە لۆجستیکیەکانی وەک گواستنەوەی چەک و نامە لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا گێڕا.

ساڵی 1978 لە کاتێکدا ئیمام خومەینی لەنەجەفەوە دەستی بەجموجو‌ڵ لەدژی رژێمی شای ئێران کردبوو، دوو نامەی هەڤاڵ مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە دەست ئایەتولڵا خوئیی مەرجەعی شیعە لە کەربەلا و ئیمام خومەینی لە نەجەف.

ساڵی 1982 یەکەم ژن بوو لە ڕێکخستنی شارەکانەوە بەشداری لەیەکەمین کۆنفرانسی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە گوندی بالیسان بکات.

ساڵی 1986 لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو بۆیە رووی کردە شاخ و هاوشانی هاوسەرەکەی عەلی شامار ژیانی پێشمەرگایەتی دەست پێکرد.

لە دوای شاڵاوی بەدناوی ئەنفالی ساڵی (1988) دا لەگەڵ ژمارەیەک لە ژناندا توانیان بەشداری بکەن لە دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستان و لەو دیوی سنور دایبمەزرێنن و چەندین چالاکی جیاجیاشیان ئەنجامداوە. دوای دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستان لە سەقز لە ساڵی 1989 لەو ڕێکخراوە کاری کرد و لەیەکەم ژمارەی گۆڤاری تەواری ئۆرگانی رێکخراوەکە بەناوی خوازراوەوە بابەتی بڵاو دەکردەووە.

لەکاتی کۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی 1991 رۆڵی دیاری هەبوو لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی سەر سنور و ناو ئێران. هەر ئەو ساڵە گەڕایەوە بۆ گەرمیان و بووە ئەندامی مەڵبەندی کەرکوک. لەماوەی نێوان ساڵانی 1993 تا 2003 لێپرسراویەتی لقی کەرکوکی یەکێتیی ژنانی کوردستانی گرتە ئەستۆ و ماوەیەکیش کارگێڕی مەڵبەندی گەرمیان بوو.

ساڵی 2003 بە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین هەڵبژێردرا.

ساڵی 2010 لە سێیەمین کۆنگرەی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراو هەر ئەو ساڵە دوای پێکهێنانی مەکتەبی شەهیدان و لەسەر راسباردەی بەریز مام جەلال کرایە یەکەم لێپرسراوی ئەو مەکتەبە.

هەڤاڵ وەسفیە بەنی وەیس بەشی هەرەزۆری ژیانی بۆ گەل و وڵاتەکەی و رێبازی یەکێتی تەرخانکرد.

مەخابن شەوی 25-26/4/2016 لە نزیک وارماوای سەر بەقەزای شارەزوور بە روودوای دلتەزین گیانی لە دەستدا. به لە دەستدانی کەلێنێکی کەورەی لە ڕیزەکانی یە کێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بەجێهێشت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP