سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کۆبوونەوە

عێراق
11:49 - 2024-04-07

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و هاریکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بەئامانجی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عیراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
‏‎وتیشی، کاری لەپێشینەی ئێمە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانەیە بۆ خەڵکەکەمان و هەموو هەوڵێکیش لەو پێناوەدا دەدەین. وەکچۆن هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە کاربکەن و لەخزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بن.

‏‎لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک بافڵ وتی، رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی هەموولایەک بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP