24 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی سیاسه‌تمه‌دارو خه‌باتگێڕ و نوسه‌ری ناوداری گه‌له‌كه‌مان ئیبراهیم ئه‌حمه‌د تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و تێكۆشه‌ره گه‌وره‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه دوای ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێكۆشان له‌پێناو دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، له 8-4-2000، له‌ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له شاری له‌نده‌ن ماڵئاوایی له خاك و نه‌ته‌وه‌ی كورد كرد و له‌دوای خۆیشی خه‌رمانێك له بڵاوكراوه ئه‌ده‌بییه‌كانی بۆ گه‌له‌كه‌مان جێهێشت.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له 6-3-1914، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوی شاری سلێمانی له‌دایكبووه، له ساڵی 1937 له شاری به‌غدا كۆلیژی یاسای ته‌واو کردووە.
له‌ساڵانی سییه‌كانداو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خوێندكاری كورد له‌به‌غدا، گروپێكی به‌ناوی "لاوانی كورد" پێكهێناوه‌و گۆڤارێكیشی به‌ناوی "دیاری لاوان" بڵاوكردۆته‌وه.
به دامه‌زرێنه‌ر و لێپرسراوی "ژ ك" له كوردستانی باشوور ده‌ناسرێت، پاش رووخانی كۆماری مه‌هاباد، له‌ساڵی 1947 دا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و لقی "ژ ك" له‌پاش كۆبونه‌وه‌یه‌ك بڕیاریاندا بچنه ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ئیبراهیم به‌سه‌رۆكی لقی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.
له‌ساڵی 1948 ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ ماوه‌ی 18 مانگ به‌ندكرا، دوای ئازادكردنیشی تا هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی ساڵی 1958، رێگای خه‌باتی نهێنی گرته‌به‌ر، له‌شوباتی ساڵی 1951، له‌میانه‌ی كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی له شاری به‌غدا، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره به‌سكرتێری گشتی پارتی هه‌ڵبژێردرا، هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌دا و له‌سه‌ر پێشنیازی مامۆستا برایم، ناوی پارتی گۆڕا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان- عیراق.
له هاوینی 1951 دا، له‌سلێمانییه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ كه‌ركوك، ساڵی 1961 ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌ك سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی خه‌بات كاری ده‌كرد، له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، روویكرده شاخ و له‌ڕووی سیاسییه‌وه شۆڕشه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردووه، پاش هه‌ره‌سی شۆڕشه‌كه، رووده‌كاته هه‌نده‌ران و زۆربه‌ی ژیانی له‌شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا گوزه‌راندووه.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه ده‌ستی داوه‌ته كاری نووسین و رۆژنامه‌وانی، له‌ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا له رۆژنامه‌ی "ژیان" كاریكردووه‌و نۆبه‌ره‌ی نووسینه‌كانی له‌وێ بڵاوكردۆته‌وه.
له‌ساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی گۆڤاری "گه‌لاوێژ" ده‌رده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه ناچار ده‌بێت له‌ساڵی 1944 ده‌ست له‌كاری میریی هه‌ڵبگرێت.
پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی 1958، مۆڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند ژماره‌یه‌كی گۆڤاری رزگاری پێبه‌خشراو هاوكات به‌رپرسیارێتی رۆژنامه‌ی خه‌بات-یشی ده‌كرد.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بێجگه له‌و رۆژنامانه‌ش، خاوه‌نی رۆژنامه‌ی "كوردستان" بوو، كه هه‌ڤاڵ مام جه‌لال سه‌رنووسه‌ری بووه.
ساڵی 1961 به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكی به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقدا، خه‌بات و كوردستان داخران و فه‌رمانی زیندانیكردنیش بۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌رچوو.
له بواری ئه‌ده‌بیشدا مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ی نووسه‌رو پارێزه‌ر، چه‌ندین كاری به‌نرخی نووسیوه، ئه‌ویش به‌چه‌ند شاكارێكی به‌نرخ وه‌ك "ژانی گه‌ل"، "كوێره‌وه‌ری"، "دوا تیری كه‌وان" و چه‌ند به‌رهه‌مێكی ناوازه‌ی دیكه.
نامیلكه‌ی "الاكراد و العرب"-یش كه له‌ساڵی 1937 به عه‌ره‌بی نووسیوێتی، هه‌وڵێك بووه بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له عیراقدا.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دوای خه‌بات و تێكۆشانێكی نه‌پساوه له‌پێناو مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد، ئێواره‌ی 8-4-2000 له‌ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌شاری له‌نده‌ن كۆچی دوایی كرد و ته‌رمه‌كه‌ی گوێزرایه‌وه بۆ شاری سلێمانی و له رێوڕه‌سمێكی گه‌وره‌دا كه شایسته‌ی زیاتر له نیو سه‌ده‌ی خه‌بات و كۆششی ئه‌و كه‌سایه‌تییه بوو، له‌زێدی خۆی له سلێمانی نێژرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP