بەژمارەو داتا ... کامیان براوەن ریاڵ یان بارسا ؟

وەرزش
14:20 - 2024-04-20

بەژمارەو داتا ... کامیان براوەن ریاڵ یان بارسا ؟
ئامادەکردن و نوسین – ئاکۆ بیبانى
مێژووى بەرەنگارییەکانى  نێوان هەردوو یانەى ریاڵ مەدرید و بارسیلۆنا پڕە لە ژمارە و داتای سەرنج راکێش ، هەر لە ئەنجامى ( 11 – 1 )  گۆڵەکەوە کە تاوەکو ئێستا جێگاى گفتوگۆ ى توندى نێوان هەردوو یانەیە تا دەگات بە ئەنجامى شەش بە بەرامبەر بە دوو گۆڵەکەى ساڵى 2009 .
مێژوو بۆ پەند وەرگرتن و سوود وەرگرتنە لە هەڵەکانى رابردوو،  لە نێوان هەردوو یانە توندو تیژى و بەرزو نزمى زۆر روویداوە بەڵام کلاسیکۆ هیچ کات چێژە تایبەتەکەى لەدەستنەداوە !  ئێستاش هەموان چاوەڕوانى کلاسیکۆ دەکەن و بە لوتکەى تۆپى پێ و چێژ ناوى دەبەن،  ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ژمارەو داتاکانى نێوان هەردوو یانە دەبینین ئاست و ئەنجامەکانى هەردوو جەمسەرەکەى تۆپى پێى ئیسپانیا زۆر نزیکە لەیەکترەوە.
 لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان هەردوو یانە(  256) جار رووبەڕووى یەکتربونەتەوە ، تیایدا یانەى ریاڵ مەدرید باڵادەست بووە بەجۆرێ لە(  104)  یاریدا سەرکەوتنى تۆمارکردوە ، بارسیلۆنای ڕکابەرى لە( 100)  یاریدا تامى بردنەوەى کردوە ،( 52) یارى نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتایی هاتوە،
ئەگەر زیاتر ووردبینەوە بەرەو نێوجەرگەى کێبرکێیەکە هەنگاو بنەین کە ڕکابەرییەکانى لالیگایە ئەوا دەردەکەوێت لە کۆى (  187 )  یارى نێوانیان ، قەڵاى سپى سیماى زاڵبوونى پێوەدیارە کاتێک لە( 78) یاریدا جەنگاوەرەکانى براوە بوونە ، (74) یاریش بە بردنەوەى کوڕانى کەتەلۆنیا یەکلاى بۆتەوە ، تەنها( 35) دیدارى نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتای هاتوە ، ریاڵ مەدرید خاوەنى ( 301  ) گۆڵە و بارساش (299)  گۆڵى کردوە .
لە دواین 10 دیدارى نێوان هەردوو یانە هیچ یارییەک بەیەکسانوون کۆتایی نەهاتوەو لەوێشدا جەنگاوەرانى بێرنابیۆ باشتربوونە لە شەش یاریدا بردنەوەیان دەستەبەرکردوەو بارساش لە چوار یاریدا تامى شکستى بە مەدریدیەکان نۆشیوە .
گەر باس لە تۆمارکردنى گۆڵ بکەین لەو(  10 ) یاریەدا ئەوان ریاڵ مەدرید خاوەنى ( 20 ) گۆڵەو بارسیلۆناش (16 ) جار تۆڕى گۆڵى یانە سپی پۆشییەکەى لەراندۆتەوە .
لە ساڵى 2019 ەوە هیچ یارییەکى نێوان ئەو دوو یانە زلهێزە بە بێ تۆمارکردنى گۆڵ کۆتایی نەهاتوە .   

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP