دڵخۆشى گۆڕا بۆ شۆک ! دیگۆ جۆتا دوای چەند رۆژێک لە هاوسەرگیرى کۆچى دوایکرد!

وەرزش
12:59 - 2025-07-03

دڵخۆشى گۆڕا بۆ شین ! دیگۆ جۆتا دوای چەند رۆژێک لە هاوسەرگیرى کۆچى دوایکرد!


مەرگ دیسان یەخەى وەرزشى گرت و یەکێک لە ئەستێرە ناوازەکانى تۆپى پێى لێکردین ، یاریزانێک کە تەنها دوو هەفتەیە بەڵێنى ژیانێکى دوورى درێژى بەخۆشەویستەکەى داوەو هاوسەرگیرى لەگەڵ کردوە سەربارى ئەوەى پێشتر 3 منداڵى لێی هەبووە، یاریزانێک کە بەڵێنى بە یانەکەى دابوو زۆر بەباشى خۆى بۆ وەرزى نوێى پرێمەرلیگ ئامادەبکات ! یاریزانێک لەگەڵ رۆناڵدۆی سەرکردەو پێشەوایی پەیمانیان دابوو جامى جیهانى 2026 بۆ وڵاتەکەیان دەستەبەربکەن .
دیگۆ جۆتاى تەمەن 28 ساڵان ، دوای ماندبوون لە وەرزێکى تاقەت پروکێن دوێنى لەگەڵ ئەندرێی برایدا پشوەکانى بەسەر دەبردو لەنزیک شارى زامۆراى ئیسپانیا کاتەکانیان بەسەردەبرد ، لەو دەمەدا ئۆتۆمبێلەکەیان گڕدەگرێت و سەربارى ئەوەى هەولێکى زۆر دراوە خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان و ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و پاسەوانی شارستانی نەیانتوانیوە جۆتا و براکەی ڕزگار بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەیی کاستیا - لیۆن کە زامۆرای لێیە، لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاندووە، دوای ماوەیەکی کەم لە نیوەی شەو ئۆتۆمبێلێک کەوتۆتە خوارەوە و ئاگری گرتووە و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە تەمەنیان ٢٨ و ٢٦ ساڵە، ئەوەش زانراوە ئۆتۆمیلەکەیان لامبۆرگینى بووە ، بەدەر لە گۆتا ئەندرێى براشى گیانى لەدەستداوە کە بەهەمان شێوە یاریزانى تۆپى پێیە و لە خولى پلە دووى پورتوگال یارى دەکات .
جۆتا کە لە ٢٨ی حوزەیران هاوسەرگیری کرد، وەرزی ڕابردوو یارمەتی لیڤەرپوڵی دا بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پریمەرلیگ و هەروەها لەگەڵ تیپەکەیدا جامی یەکێتی ئینگلتەرا و جامی ئی ئێف ئێڵیشی بەدەستهێنا.
جۆتا لە ساڵی ٢٠٢٠ لە یانەی وۆڵڤەرهامپتۆنەوە ڕووی لە ئەنفێڵد کرد و لە کۆی ١٨٢ یاریدا ٦٥ گۆڵی بۆ یانەکەی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار کردووە.
هەروەها 49 یاری نێودەوڵەتى لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال ئەنجامداوە و دووجار نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە.
مەرگى لەناکاوى دیگۆ جۆتا شۆکێکى گەورە بوو بۆ جیهانى وەرزشى و هەموان خەمبارن بۆ لەدەستدانى ئەستێرە پورتوگالیەکە ، هەر یەکەو بە جۆرێک ماتەمى خۆى بۆ ئەو کۆچە پڕ لە ئازارە دەردەبڕێت .
یەکێتى تۆپى پێى پورتوگال مەرگى لەناکاوى دیگۆ جۆتا نوسێوێتى وێران بوین ، ئەستێرەیەکى گەورەمان لەدەستدا کە نائاسایی بوو بۆ هەڵبژاردەو هاورێکانى ، هیوادارین یۆفا لە یارییەکەى نێوان کچانى ئیسپانیا و پورتوگال لە پاڵەوانێتى ئەوروپا بەرلە یارییەکە ماتەمینى رابگەیەنێت .
یانەى لیفەرپولیش زۆر بە داخە بۆ ئەو کۆچە و بەیەکێک لە کارەساتەکان ناوى دەبات و هەرگیز دڵسۆزى و رەوشت بەرزى جۆتا لە یاد ناکات .

ئاکۆ بیبانى

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP