رێككه‌وتنه‌كانی نێوان توركیاو عێراق راگه‌یه‌ندرا

عێراق
17:17 - 2024-04-22


نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئه‌مڕۆ سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌كراوه‌ كه‌:" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغدا سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی چوار لایەنەیان کرد لە نێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات بە ئامانجی هەماهەنگی هاوبەش سەبارەت بە (پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان)ی ستراتیژی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو شاندی تورکیا و عێراق."

باسی له‌وه‌شكردووه‌ :"یاداشتنامەکە لە لایەنی عێراقییەوە وەزیری گواستنەوە بەڕێز ڕەزاق محێبیس واژۆی کرد و لە لایەن تورکیاوە وەزیری گواستنەوە و ژێرخان بەڕێز عەبدولقادر ئوڕالۆگلو واژۆی کرد، بەڵام لە لایەنی قەتەرەوە وەزیری گواستنەوە بەڕێز جاسم بن سەیف ئەلسولەیتی واژۆی کرد و لایەنی ئیمارات وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات بەڕێز سوهەیل محەمەد ئەلمزروعی واژۆی کرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:" یاداشتنامەکە وڵاتانی واژۆکار لەخۆدەگرێت بۆ پەرەپێدانی چوارچێوەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە."

جێی ئاماژەیە کە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی بەشداری دەکات لە هاندانی گەشەی ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی لەڕێی بەدیهێنانی یەکخستنی ئابووری و هەوڵدان بۆ ئابوورییەکی بەردەوام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، هەروەها کاردەکات بۆ زیادکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسانکردنی هاتووچۆ و بازرگانی و دابینکردنی ڕێگایەکی نوێی گواستنەوەی پێشبڕکێکار و باشترکردنی خۆشگوزەرانی ئابووری هەرێمی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP