بەڕێوەبەری خانەنشینانی یەکەی 70: وەرگرتنی زەویی خانەنشینانی یەکەی حەفتاش دەگرێتەوە

ئابوری
22:49 - 2024-07-31

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی پێشمەرگەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند خانەنشینانی یەکەی 70 هاوشێوەی خانەنشینانی دیکە وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە.

حاکم فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینانی پێشمەرگە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە و بەرێوەبەری خانەنشینانی یەکەی 70 رایگەیاند بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی خانەنشینانی یەکەی 70 و 80ـی لێدەرنەکردووە، بەڵکو ئەوانیش دەگرێتەوە وەکو هەر خانەنشینێکی دیکە".

راشیگەیاند:"وەزارەتی پیشمەرگە نووسراوی کردووە بۆ گواستنەوەی خانەنشینانی سەر بە یەکەی 70 بۆسەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینان سەر بەوەزارەتی دارایی، ئێمەش پرۆسەکەمان دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستا هەشت هەزار و 508 خانەنشینیی پێشمەرگەمان رەوانەی خانەنشینیی گشتیی وەزارەتی دارایی کردووەو پرۆسەکەیان بەردەوامە."

ناوبراو ئاماژەی بۆئه‌وەشکرد:" چوار هەزار و 163 خانەنشینی کەمئەندامی سەنگەریش ماوە کە مەلەف و ناوەکانیان رەوانەی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی بکەن، وتیشی" رێکارەکان هەروا ئاسان نییە و کاتی دەوێت، بەڵام بەردەوامین تاوەکو هەموویان تەواو دەکەین".

ئەوەشی دووپاتکردەوە:"سەرجەم ئەو خانەنشینانەی لەیەکەی 70 دەگوازرێنەوە بۆ سەر بەرێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینانی سەربە وەزارەتی دارایی، هاوشێوەی خانەنشینانی دیکە مافی وەرگرتنی زەویان هەیە."
 


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP