قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد لە رێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سوریا

کوردستان
23:26 - 2025-01-23

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت و رێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا و جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هیوای خواست هاوکارییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کارسازی و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا زیاتر پەرەبسێنێت.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: یەکێتی هەوڵ دەدات حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت، چونکە بەبێ ئەوە حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێز دروست نابێت .

هەروەها باسی ریفۆرم لە هێزی پێشمەرگەدا کرا، و جێگری سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفۆرم بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت کە بە هاوکاری هاوپەیمانان پلانی بۆ دانراوە.

سەبارەت بە دۆخی سوریا و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەش، جەختکرایەوە: کە پێویستە هەموو پێكهاتەکانی سوریا و بە تایبەتیش کورد وەک پێکهاتەیەکی گرنگ بەشداری پێ بکرێت لە داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی نوێی ئەو وڵاتە.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP