وەزارەتی پلاندانانی عیراق رەزامەندیی لەسەر بە قەزابوونی قەرەتەپە دەربڕیوە كە پێشتر ناحیە بووە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەڕەسمی داوای روونكردنەوە لەسەر ئەو پرسە دەكات، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم-یش، كە سەر بە حكومەتی هەرێمە دەڵێت: "لەگەڵ باشكردنی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكداین لە ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام گرنگە هەر بڕیارێك كە لەو ناوچانە دەدرێت بەپێی دەستوور و یاسا و لێكتێگەیشتنی هاوبەش بێت لە نێوان هەردوو حكومەتدا"، هاوكات وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: "بەدواداچوونە یاساییەكانمان لەسەر ئەو پرسە دەستپێكردووە".
دەستكاریكردنی دیمۆگرافی ناوچە جێناكۆكەكان بڕیاری هاوبەشی دەوێت
فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "پرسی دروستكردنی قەزایەك لە ناوچە جێناكۆكەكان واتا ئەو ناوچانەی دەكەوێتە سنووری ماددەی 140 ەوە، پرسێكی هاوبەشە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم، ئەو ناوچانە بەپێی دەستوور بە ناوچەی جێناكۆك دیاریكراون، بۆیە هەر جۆرە دەستكاریكردنێكی دیمۆگرافی لەو ناچانە پێویستی بە بڕیاری هاوبەشە".
"وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پێشكەوتنی ژیانی كۆمەڵایەتی دانیشتووانی ئەو ناوچانەین، بەڵام پێمانوایە دروستكردنی قەزا یاخود هەر گۆڕانكارییەكی دیكە لە ناوچەكانی ماددەی 140، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و ئەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشانەی كە لەنێوان هەردوو حكومەتدا هەن" فەهمی بورهان وادەڵێت.
راشیگەیاند: "وەك حكومەتی هەرێم لەم هەفتەیەدا نووسراوی رەسمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای ماددەی 140 ی دەكەین و بۆچوونی خۆمان لەبارەی ئەو گۆڕانكارییە و چەند حاڵەتێكی دیكە كە لەناوچە كوردستانییەكاندا هەن دەخەینەڕوو، هاوكات داوای روونكردنەوەش دەكەن".
یەكێتی بەدواداچوون بۆ بڕیاری بە قەزاكردنی ناحیەی قەرەتەپە دەكات
سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "لەگەڵ ئەوەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراقەوە بڕیاردراوە ناحیەی قەرەتەپە بكرێتە قەزا، بەڵام وەك فراكسیۆنی یەكێتی بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو پرسە دەكەین و گرنگە ئەو بڕیارە لەگەڵ دەستوودا یەكبگرێتەوە".
"قەرەتەپە كە ناوچەیەكی جێناكۆكە و بەپێی ماددەی 140 مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ناكرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور دیمۆگرافیاكەی بگۆڕدرێت" سۆزان مەنسور وادەڵێت.
راشیگەیاند: "وەك یەكێتی بەدواداچوونی جددی لەسەر ئەو پرسە دەكەین و دەبێت بزانرێت ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەنگی لەسەر داوە یاخود نا، هەروەها دەبێت بشزانین دانیشتنەكە یاسایی بووە؟، بۆیە بەدواداچوونی یاساییمان دەستپێكردووە".
پێشتر ناحیەكانی قەرەتەپە، كۆكس و جەبارە سەر بە هیچ قەزایەك نەبوون، بەڵكو راستەوخۆ سەر بەپارێزگای دیالە بوون، بەڵام بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، كە قەرەتەپەی كردووەتە قەزا، هەریەك لە ناحیەكانی جەبارە و كۆكسی خستووەتە سەر قەزاكە.
قەرەتەپە كە دەكەوێتە سنووری ناوچە جێناكۆكەكان و بەپێی ماددەی 140 ی دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، یەكێك لە ناحیەكانی قەزای كفری و دەكەوێتە دەریاچەی حەمرین و نزیكەی 40 كم لە ناوەندی پارێزگای دیالەوە دوورە، دانیشتوانەكەی لە كورد و عەرەب و توركمان پێكھاتوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP