ئەمڕۆ چوارشەممە (6/11/2024) شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیكرد لەوەفدێكی بزاڤی ئاشتی.
لەدیدارێكدا كەهەڤاڵ جوتیار نوری ئامادەیبوو، سەرەتا بزاڤی ئاشتی باسیان لەهەوڵەكانی بزاڤەكەیان كرد بۆ ناساندنی خۆیان لەوڵاتان و خەباتیان بۆ ئاشتی لەكوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لەگرنگی ئاشتی و رۆڵی رێكخراوەكانی ئاشتی پارێز كردو رایگەیاند: ئاگاداری بەشێكی چالاكییەكانی بزاڤەكەتانم و دەزانم كە بۆ بەرژەوەندی تاكەكەسی كارناكەن، هانیدان بۆ بەردەوامبوون و گەشەدان بەچالاكییەكانیان و فراوانكردنی، وتیشی: ئەركتان پیرۆزەو دەستخۆشیتان لێدەكەم بۆ بەشداریكردنتان لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان پشتیوانیتان بۆ لیستی (ی.ن.ك).
باسی لەوەشكرد، بەرنامەو بەڵێنی بانگەشەكانمان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەبەرچاو دەگرین و پێداگریی دەكەین لە حكومەتێكی رەشیدی نیشتمانیی و هاوبەشیکردنی راستەقینە، وتیشی: بەڕاستی كابینەی پێشوو سەرچاوەی هەموو كێشە سیاسی و داراییەكانی هەرێمی كوردستانە.
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بێ متمانەیی زۆر دروستبوو لەلایەن دۆستەكانمانەوە بەرامبەر بەئێمە، بۆ نموونە چەندین ساڵە (6) دەوڵەت داوامان لێدەكەن سوپایەكی یەكگرتوو دروستبكەین، بەڵام تائێستا هەنگاوێك نەنراوە دڵخۆشكەر بێت.
راشیگەیاند: زۆر گرنگە بزاڤەكەتان سەربەخۆیی خۆتان بپارێزن، ئەگەرنا كاریگەریتان نابێت و داواشیكرد، نوێنەرایەتی کورد بکەن، چونكە كورد ئامانجە، نەك حزب.
دواتر جوتیار نوری دەستخۆشی لەستافی بزاڤەكە كردو رایگەیاند: ئاگادارم كەهەوڵەكانتان تەنها لەناو هەرێم نییە، بەڵكو لەبەغداو دەرەوەی عیراقیشە.
لەكۆتاییدا بەشێك لەبەشداربووان راو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP