سه‌رۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ دۆناڵد تره‌مپ ده‌كات

کوردستان
15:15 - 2024-11-06


بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترامپ دەكات بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆكی ئەمریكا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەیامێكدا كەلە تۆڕی كۆمەڵایەتی X بڵاویكردووەتەوە رایگەیاندووە: "هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە كە رەگوڕیشەی لەبەها هاوبەشەكانی پابەندبوون بەئاشتی و ئاسایشی جیهانییەوە سەرچاوەی گرتووە".

ئاماژە بەوەشدەكات: "ئومێدەوارین پەیوەندییەكانمان پەرەپێبدەین و لەپێناو بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەهێزتریان بكەین".

بەپێی ئەنجامە ناڕەسمییەكان دۆناڵد ترامپ كاندیدی كۆمارییەكان توانیویەتی ببێتە 47 هەمین سەرۆكی ئەمریكا كە لەهەڵبژاردنی خولی 60 هەمینی ئەمریكادا سەركەوتنی بەرچاوی لەبەرامبەر كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان بەدەستهێنا.

دۆناڵد ترامپ لە ساڵانی 2017 بۆ 2021، 45 هـەمین سەرۆكی ئەمریكا بووەو لە سەردەمی سەرۆكایەتییەكەیدا پشێوی لەناو كۆنگرێسی ئەمریكادا دروستبوو بەهۆیەوە دەیان ئەمریكی رژانە ناو باڵەخانەی كۆنگرێسەوە.

رۆژی 5ـی 11ـی 2024، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 47ـەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە 50 ویلایەت دەستیپێكردو تێیدا زیاتر لە 230 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام نزیكەی 186 ملیۆن كەس ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆماركردبوو، نزیكەی 130 هەزار ناوەندیش لە سەرتاسەری وڵاتەكە بۆ دەنگدەران تەرخانكرابوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP