دادگای فیدراڵی سیناریۆكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی رەتکردەوە

کوردستان
16:00 - 2024-11-06


دادگا هەموو ئەو سیناریۆیانەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە، کە بۆ تۆمەتبارکردنی ئەو دەستگیرکراوانەی کە لەسەر سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک دروستیکردبوون و بێتاوانی تۆمەتبارانیشی راگەیاند.

رۆژی ١-١٠-٢٠٢٤ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی سەبارەت بەدەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێک بڵاوکردەوە و پەنجەی تۆمەتی بۆ کادرانی چەند لایەنێک راکێشا، بەهۆکاری ئەوەی کادرەکانیان بەشداربوون لەسوتاندنی ئەو بازاڕانەدا، بەڵام رۆژی ٥-١١-٢٠٢٤ دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە ئەو سیناریۆیەی رەتکردەوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئەو تۆمەتبارانەی ئازادکرد، کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەستگیرکرابوون

دادگا بێتاوانی تۆمەتبارانی سەلماند
سۆزان مەنسوڕ وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:" دادگای رەسافە بێتاوانی ئەو تۆمەتبارانەی راگەیاند، کە بەهۆکاری سوتاندنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک دەستگیرکرابوون، بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەو تۆمەتبارانە، ئەو سیناریۆیانەشی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروستکرابوون بۆ ڕای گشتی دەرکەوت راست نین".

"بەکارهێنانی دامودەزگا ئەمنی و میدیاییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ مەرامی حزبیی لایەنێک کاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەناوخۆ و دەرەوە دروستکردووە و چیدیکە خەڵک بڕوا بە سیناریۆی هۆڵیود بۆ تۆمەتبارکردنی یەکێتی ناکات"،سۆزان مەنسوڕ وایوت

وتیشی:" پێویستە حکومەتی هەرێم لەو رێڕەوە چەوتەی پێشتر هەیبووە سەبارەت بە بەخشینەوەی تۆمەت و تۆمەتبارکردنی لایەنەکان بخرێتەوە سەر رێڕەوە راستەکەی خۆی، کە خزمەتکردنی خەڵکە بەبێ جیاوازی، بۆ ئەمەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات کە حکومەتی داهاتووی هەرێم حکومەتی هاووڵاتی بێت".

دروستکردنی سیناریۆکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نوێ نین و لەپێناو ناشرینکردنی لایەنەکانی دیکە و بەکارهێنانی حکومەت بۆ مەرامە شەخسییەکان بەردەوامە، بەجۆرێک پێشتریش ئەنجومەنەکە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی خستبووە ئەستۆی کادرانی چەند لایەنێک.

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی ١-٧-٢٠٢٤ لەکۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وعیراق کە لەبارەی دەستگیرکردنی هەریەک لە (هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن، سیروان حسێن محەمەد) ئەنجامیدابوو، وەزارەتی ناوخۆی عیراق پێچەوانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پەنجەی تۆمەتی بۆ هیچ لایەنێک درێژ نەکردوو ئاماژەی بە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکاندا.

خەڵک بڕوا بەسیناریۆکانی پارتی ناکات
پارتی بە مەبەست تۆمەت ئاڕاستەی کادرانی یەکێتی دەکات،  ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت:" خەڵک بڕوا بەو سیناریۆ هۆڵیودیانە ناکات و داواکارم دەزگا ئەمنی و میدیاکانی حکومەت نەخرێنە خزمەت باڵێکی دەستڕۆشتوی ناو پارتی".

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:" چەواشەکارییەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی پارتی و سیناریۆکانی دەزگا ئەمنییەکانیان دەرکەوت راست نەبوون، تەنها ئامانج لێی ناشرینکردنی لایەنەکان و چەند بنەماڵەیەک بووە".

"ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کادرانی یەکێتی دەکرێن لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە نوێ نین و خەڵک بڕوا بەو سیناریۆ هۆڵیودیانە ناکات و داواکارم دەزگا ئەمنی و میدیاکانی حکومەت نەخرێنە خزمەت باڵێکی دەستڕۆشتوی ناو پارتی"، سروە محەمەد وایوت.    

رۆژی 1ـی 7ـی 2024، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم حیکایەتانە کە ئاراستەی یەکێتییە زۆر بە توندی رەتدەکەینەوە و پێویستە چاوەڕی بکەن لێکۆڵینەوە تەواوببێت".

ڕۆژی ١٩-٥-٢٠٢٤ ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری کەرکوک کەوتەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ دوكان سووتان و دوای رووداوەکەش لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد، بەتۆمەتی ئەنجامدانی رووداوەکەش هەریەک لە (هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن، سیروان حسێن محەمەد) دەستگیرکران و هەر زوو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کەوتە سیناریۆ داڕشتن بۆیان و پەنجەی تۆمەتی بۆ چەند کادرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان درێژکرد، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە سیناریۆکەی پوچەڵکردەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP