قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد
لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسی
ناوخۆی هەرێم و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا
کە رۆژی سێ شەممە (12/11/2024) لە هەولێر بە ئامادەبوونی یان برێم، کونسوڵی گشتیی
فەڕەنسا بەڕێوەچوو، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی دانیێل
میتەران لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی کەسایەتیی
دانیێل میتەران لای گەلی کورد کرد و رایگەیاند لە سەردەمێکدا میتەران دۆست و پشتیوان
و خەمخۆری گەلی کورد بوو کەس لە جیهاندا ئامادەنەبوو گوێ لە خەم و ئازارەکانی کورد
بگرێت. وتیشی کردنەوەی ئەم یادە لە هەولێر پەیامێکی گرنگی تێدایە کە کورد هەرگیز دۆستە
راستەقینەکانی خۆی لە یاد ناکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی قۆناغی پاش
هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە، باڵیۆزی فەڕەنسا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی
سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی لە گەلی کورد کرد و هیوای خواست هەرچی زووتر لایەنە
براوەکان حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنن.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە
هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتێکی خزمەتگوزاری دادپەروەر لەسەر بنەمای هاوبەشیی
راستەقینە پێک بهێنین بۆ ئەوەی بتوانین هەم کێشەکانی رابردوو چارەسەر بکەین و هەم
لەڕووی خزمەتکردنەوە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکی کوردستاندابین.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP