قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی کۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر، فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(19/11/2024) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا بەختیار، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا. ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.
دواتر جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد کە رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەروەها ستایشی ئەڵمانیای کرد کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بووە بە تایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی داهاتووش پشتیوانی پرۆسەی ریفۆرم بکات لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناوچەکە کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، هەربۆیە پێویستە ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان زیاتر بکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP