بۆ به‌شداریی له‌ سه‌رژمێژریی هاوكاری ئه‌و كه‌ركوكییانه‌ ده‌كرێت كه‌ شوێنی مانه‌وه‌یان نیه‌

کوردستان
19:22 - 2024-11-19


وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەم سەرژمێرییە بۆ كورد زۆر گرنگە و داتاکانی لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت، ئاماژه‌بۆئه‌وه‌شده‌كات، هەر هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاره‌كانی هه‌رێم، بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە کەرکوک، ئه‌گه‌ر شوێنی مانەوەی نەبێت هاوکاریی دەکەن.

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024، روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌: "هاوڵاتییان ده‌بێت ئەوە بزانن ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و داتاکانی لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت، پێویستە ئەوانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن هاوکاریی بژمێرەکان بن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد دەشكێتەوە".
 
وه‌زیری پلاندانان وتی:" "شەڕی ئێمە لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانە، داوا لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکەین ستەم لە خۆیان و لە مێژوویان و لەو میراتەی باو و باپیرانیان بۆیان جێهێشتوون نەکەن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئەمڕۆ دوا دەرفەتە".

وتیشی: "دەبێت هەر کەرکوکییەک لە هەر شوێنێک بێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، هیچ کەرکوکییەک نییە خزمێک کەسێکی لە کەرکوک نەبێت ئەم چەند رۆژە بچێتە ماڵەکەی، ئەگەر هەر نەبوو کەسێک پێویستی کرد لە هۆتێل بمێنێتەوە ئێمە وەک حکومەت هەموو جۆرە هاوکارییەکی دەکەین".

بڕیارە سبه‌ینێ‌ 20ی تشرینی دووه‌می 2024 پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌ستپێبكات و تا 21 ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP